لاهور شێخ جەنگی: هیچ کارێک ناکەین پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بێت

‌کۆبوونەوەی عەلی باپیر و لاهور شێخ جەنگی

وێستگە نیوز-

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی  لەگەڵ عەلی باپیر کۆبۆوە و ڕایگەیاندووە، "هیچ کارێک ناکەین پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت" دەشڵێت،" هەوڵمانداوە هەموو کێشەکان لەچوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەم چارەسەر بکرێن".

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە ئەژماری خۆی بڵاویکردۆتەوە، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، پێشوازیمان کرد لە مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان و وەفدێکی هاوڕێی. ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنیان".

ئەوەشی خستۆتەڕوو، "سوپاسی پەرۆشی و هەوڵی برایانەی مامۆستا عەلی باپیرم کرد بۆ پشتیوانیکردن لە یەکێتیی و چارەسەرکردنی کێشەکان، دڵنیام کردەوە کە هیچ کارێک ناکەین پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت".

ئەوە ئاشکراشیدەکات، " هەوڵمانداوە هەموو کێشەکان بە ڕێگای حزبی و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەم چارەسەر بکرێن".

لاهور شێخ جەنگی، دەشڵێت، باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوومان کرد و جەختمان لە یەکڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بێت و بە یەکدەنگی پشتیوانی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بکەن.




PM:06:53:31/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 3516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو