وتەبێژی حكومەتی : عێراق ڤیزای خۆڕایی دەبەخشێتە کۆمپانیا بیانییەکان


وێستگە نیوز-
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەت توانی هەنگاوێکی گەورە ببڕێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا، کە دوو خاڵی گرنگبوون یەکەمیان پرسی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان و دووەمیش بونیادنانەوەی عێراق، ئاماژە بەوەشدەكات عێراق ڤیزای خۆڕایی دەبەخشێتە کۆمپانیا بیانییەکان لەپێناو کارئاسانی لە بواری وەبەرهێنان لە ناو عێراقدا.

حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە دیدارێكدا رایگەیاند، دانوستانەکان لە ماوەی ساڵی رابردوودا جەختی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکردەوە و ئەوەش بەدەستهێنرا.

وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەی خستەڕوو، قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا جەخت لەسەر کەرتی ئابوری و خوێندن و رۆشنبیری دەکاتەوە.

رونیشیكردەوە، بەشێکی دیکە لە تەوەری گفتوگۆی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەر پرسی کارەبا و نەوت بووە و کارئاسانی بۆ کۆمپانیا بیانییەکانە کە بەنیازن لە عێراق کاربکەن.

حەسەن نازم ئاشكراشیكرد، عێراق ڤیزای خۆڕایی دەبەخشێتە کۆمپانیا بیانییەکان لەپێناو کارئاسانی لە بواری وەبەرهێنان لە نێو عێراقدا.

لە واشنتن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و دواتر هەردوو وڵات راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، "کۆتایی ئەمساڵ هێزە شەڕکەرەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە."


PM:05:07:30/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 1668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت