مستەفا كازمی لەرۆژنامەنووسییەوە بۆ كۆشكی دەسەڵات


وێستگە نیوز-
مستەفا كازمی ناوی راستی مصطفی عبد اللطيف مشتت الغریباوی، لە ساڵی 1967 لە بەغداد لەدایك بووە. بنەچەی بنەماڵەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ باشووری عیراق بۆ قەزای شەترە لە پارێزگای " زیقار یان ناسرییە".  

كازمی، كۆلیژی یاسای لە بەغداد خوێندووە، بەڵام پاشان بە هۆی چالاكی سیاسییەوە كە ئەندامی " حزبی دەعوەی ئیسلامی" بووە. ناچار دەبێت ساڵی 1985 لە رێگەی كوردستانەوە بچێتە دەرەوەی عیراق. 

مستەفا سەرەتا دەچێتە ئەڵمانیا و پاشانیش دەچێتە بەریتانیا دەژی. لێرەش زیاتر خەریكی كاری سیاسی دەبێت و نازناوی " كازمی" بۆ خۆی دادەنێت، لە بەریتانیا خەریكی كاری رۆژنامەنووسی دەبێت و دەبێتە بەرپرسی بەشی عیراقی سایتی "مۆنیتۆری ئەمریكی". 

پاش رووخانی رژێمی بەعس لە سالی 2003 دەگەڕێتەوە بۆ عیراق و دووبارە لەگەڵ حزبی دەعوە كار دەكات.

بنەماڵەیەكی سیاسی

كازمی لە بنەماڵەیەكی سیاسی بووە، عەبدول لەتیفی باوكی چالاكوانێكی سیاسی بووەو  نوێنەری حزبی " وطني الدیمقراطي" كامیل جادرجی بووە لە قەزای شەترە. 

بەڵام ساڵی 1963 قەزای شەترە بەجێدەهێڵێت و دێتە بەغداد لەوێ لە هێڵی شەمەندەفەری بەغداد كار دەكات. 

عیمادی برا گەورەی ساڵی 1981 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە دەستگیر دەكرێت، ئەوەش لەبەرئەوەی هاوڕێی " محەمەد باقر حەكیم" سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بووە، 

سێ ساڵ زیندانی دەكرێت و دواتریش بەر لێبوردنی گشتی دەكەوێت و ئازاد دەكرێت.  لە پاش رووخانی رژێمی بەعس، دەبێتە  راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بەڵام ساڵی 2013 لە لایەن چەكدارانی داعشەوە لە شەقامی " حەیفا"  لە بەغداد،تەقەی لێدەكرێت و ئیفلیج دەكرێت. 

گەرچی سەباحی برا گەورەشی  دكتۆرای لە ئەندازیاری هەیە، راوێژكاری حەیدر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق بووە. 

مستەفا كازمی كچی "مهدی العلاق" دەهێنێت كە یەكێكە لە سەركردەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی. ئەمانەش هەموو رۆڵیان هەبووە لە پێشخستنی كاروانی سیاسی ئەم پیاوە.

رۆژنامەگەری

راستە  مستەفا كازمی  كۆلیژی یاسای تەواو كردووە، بەڵام حەزێكی گەورەی بۆ رۆژنامەگەری هەبووە، چ لە دەرەوەی عیراق و چ كاتێك گەڕاوەتەوە، كاری رۆژنامەگەری كردووە، لە شاری لەندەن دەبێتە بەرێوبەری دەزگای " الحوار الإنسانی "  كە لە لایەن " حسین الصدر" دامەرزاوە.  

ئامانجی سەرەكی ئەم دەزگایەش، دروستكردنی دیالۆگ لە نێوان تایفەكان و دژایەتیكردنی توندوتیژی و  بڵاوكردنەوەی چەمكی ئاشتیخوازیی و لێبوردەیی.

پاش رووخانی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەغداد و دەزگای "الذاکرة العراقیە"  دروست دەكات كە كاری لەسەر قووربانیان رژێمی بەعس كردووەو ویستوویەتی تاوانەكانی رژێمی بەعس بە ئەرشیف بكات، 

ئەوەش لە رێگەی فیلمی دۆكۆمێنتاریی و چاوپێكەوتن لەگەڵ قووربانیانی رژێمی بەعسی سەدامی لەناوچوو. 

ساڵی 2007 دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری " الاسبوعیە" كە سەر بەدەزگای خەندان بووە لە سلێمانی. 

جگە لەوەش خاوەنی كۆمەڵێك كتێبە كە ئەوانیش :

• مسآلة العراق.

• انشغالات إسلامیة.

• علی بن أبی طالب الإمام والإنسان

• المصالحە بین الماضي والمستقبل.

بوونی بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری

لە پڕێكدا ساڵی 2016  حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق، مستەفا كازمی كردە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عیراق، ئەمەش بووە مایەی سەرنجی لایەنە شیعەكان، چونكە تا ئەوكاتە كازمی لەم بوارەدا نەناسراو بوو. هەروەها  گەرمەی جەنگی داعش بوو. 

لە راستیشدا بەهاتنە سەركاری مستەفا كازمی، دووبارە رۆڵی ئەم دەزگایە لە جەنگ دژ بە داعش بەهێزتربوو. لێرەشەوە پلەكانی گەیشتن بە دەسەڵات  بۆ مستەفا كازمی دەستپێدەكات. 

كازمی چۆن بوو بە سەرۆك وەزیر؟

دروستبوونی خۆپیشاندان و دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و ناكۆكی لایەنە شیعەكان، هەموو ئەمانە لە خزمەتی كازمیدا بوون، هەتا دواجار هەموویان لەسەر كازمی رێككەوتن و رۆژی 7 ئایار  266 ئەندام پەرلەمان متمانەیان بە كازمی دەبەخشن و دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عیراق.


PM:02:52:30/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو