کەشناسی عێراق وادەی باران بارینی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

‌کەشناسی عێراق وادەی باران بارینی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

وێستگە نیوز-

كەشناسێکی عێراق رایگەیاند، عێراق و هەرێم روبەڕووی کەش و هەوایەکی ناجێگیر دەبنەوە، ئەگەری بارانبارینیش هەیە لە رۆژی شەممەوە تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو.

ئەمرۆ هەینی 30ی تەمموزی 2021. محەمەد دووری لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی عێراق بە میدیاکانی عێراقی رایگەیاندووە، لە رۆژی شەممەوە ئەگەری بارانبارین هەیە لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و تاوەکو هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گۆڕانکارییە لە کەش و هەوادا لە ئەنجامی دروستبوونی پەڵە هەوری گەورە لە ئاسمانی چەند ناوچەیەک دەبێت، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان ئەوە روودەدات.

پێشتر، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە هەرێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، "لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی باراناوی لەسەر ناوچەکانی کوردستانی باکور و رۆژھەڵات پێشبینی دەکەین سەرەتای ھەفتەی ئایندە لەرۆژانی 1ی ئاب تاوەکو 4ی ئاب، شەپۆلێکی تاو تاوی بارانبارین و ھەورە تریشقە بەرێژەی جیاجیا بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە".

ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕوو، شەپۆلەکە بەتایبەت کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاویی و سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆک دەبێت، بەھۆی نزیکی ئەو ناوچانە لە سنورەکانی باکور و رۆژھەڵاتی نزمە پاڵەپەستۆکەوە.

 دەشڵێت، بەگشتی بۆ ناوچەکانی باشوری ھەرێم وەک سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک و ھەڵەبجە تا ئێستا دەرنەکەوتووە لەو ناوچانەدا کاریگەری دەبێت بەشێوەی بارانبارین، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر گۆرانکاریەکان دڵخۆشکەر دەبن و کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە نزمەکان و ئەو سنورانەش .

 زیاتر لە مانگێکە شەپۆلێکی گەرما عێراق و هەرێمی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچەشدا پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە سەرو 50 پلەی سیلیزی.


PM:01:33:30/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 16108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت