ئەفسەرێكی ئاسایشی سلێمانی دەستگیر كرا


وێستگه‌ نیوز-
سكاڵا لەلایەن بازرگانێكەوە لەسەر دوو برای لاهور شێخ جەنگی‌ و كوڕی سەرمایەدارێكی دیاری سلێمانی‌ و ئەفسەرێكی ئاسایش تۆمار كرا، ئەمڕۆ لە یەكەم هەنگاوی خستنەبواری جێبەجێكردندا ئەفسەرەكەی ئاسایش دەستگیر كرا.

لە دۆسیەی ئەو سكاڵایەی لەسەر براكانی لاهور شێخ جەنگی‌ و دوو كەسی دیكە لە لایەن بازرگانێكەوە تۆمار كراوە، یەكێكە لەو تۆمەتبارانە كە ئەفسەرێكی ئاسایشی سلێمانییە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستگیر كرا.

به‌پێى وته‌كانى سەرچاوەیەكی باڵا بۆ پەرەگرافی باسكرد.،سكاڵاكە لەلایەن بازرگانێكەوە لەسەر دوو برای لاهور شێخ جەنگی‌و كوڕی سەرمایەدارێكی دیاری سلێمانی‌و ئەفسەرێكی ئاسایش تۆمار كراوە، ئەمڕۆ لە یەكەم هەنگاوی خستنەبواری جێبەجێكردندا ئەفسەرەكەی ئاسایش دەستگیر كرا.

سەرچاوە دەڵێت "ئەفسەرەكە پلەی ڕائیدە لە ئاسایش، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستگیر كرا".

لەو دۆسیەیەدا تائێستا تەنها چوار تۆمەتبار ناویان هاتووە و فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەرچواریان دەرچووە، سەرچاوەكە وتیشی "سێ تۆمەتبارەكەی دیكەش لە سلێمانین، بەڵام هێشتا دەستگیر نەكراون".

هاوكات ئەو سكاڵایەی لەسەریان تۆمار كراوە بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە بە تۆمەتی "ڕفاندن‌و بەزۆر لێسەندنی موڵك‌و ماڵ"، ئەو كەسەی سكاڵاكەی تۆمار كردووە دواتر سكاڵاكەی كێشاوەتەوە(تەنەزولی كردووە)، بەڵام ئێستا دەڵێت "ئەوكات لەژێر فشارو هەڕەشەدا سكاڵاكەی كێشاوەتەوە، هەربۆیە ئێستا دادوەر لێی وەرگرتووەتەوەو فەرمانی پێ دەركراوە".

سەرچاوەكەی پەرەگراف ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، "ئەو كەسە ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژ ڕفێندراوە و لەو ماوەیەدا هیچ ئەوراقێكی نییەو دۆسیەی یاسایی نەبووە، سكاڵاكار دەڵێت ئەو تۆمەتبارانە ڕفاندوویانەو دواتر لە ژێر فشارو هەڕەشەدا موڵك‌ و ماڵەكەییان داگیركردووە و كردویانە بەناوی خۆیانەوە".

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكە ئەم زانیارییەی پشتڕاست كردەوە كە سكاڵاكە لەسەر ئەم بابەتەیە.

سەرچاوەكە ده‌ڵێت "هێشتا  دووبراكەی لاهور شێخ جەنگی‌ و كوڕی سەرمایەدارەكە دەستگیر نەكراون، بەڵام دۆسیەكە یاساییە و هەر دەبێت ئیجرائات بكرێت‌ و بڕیاری دادوەر جێبەجێ بكرێت".

دەستگیركردنی ئەو ئەفسەرەی ئاسایشی سلێمانی، هاوكاتە لەگەڵ دەرچوونی فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

ئەمڕۆ دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لە سلێمانی، بڕیاریدا بە دەستگیركردنی د.میران محەمەد عەباس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی تەندروستیی سلێمانی.

فەرمانەكە بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاكی دەركراوە، بەتۆمەتی "تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەك و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران، كە شیاوی خەرجكردن نەبووە و چەكی بازاڕ بووە، كە بەنیوە قیمەت یان كەمتر لە قیمەتی خۆی كڕدراوەتەوە و دواتر بە نەقدی (نەختینە) خەرجكراوە، بە پشتگیریی تۆمەتباری ناوبراو".

میدیای فەرمیی یەكێتی كە هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە دەڵێت "بەپێی یاسا، ئەم كارە بەتاوان هەژماردەكرێت و بەكارهێنانی دەسەڵات و پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی (كسب غیر مشروع)".


PM:04:37:29/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 24252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو