ئەمریکا: گۆڕانکاری بەسەر ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوز-
وتەبێژی کۆشکی سپی رایده‌گه‌یه‌نێت، گۆڕانکاری بەسەر ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دێت، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، ئەوە بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشیی نێوان واشنتن و بەغدا نایێت.
 
جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی دوایین دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق و ناوەڕۆکەکەی بۆ رۆژنامەوانان روونکردەوە، جه‌ختیكرده‌وه‌، ئێستا گەیشتوونەتە قۆناخێک کە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە شەڕکردنەوە بۆ مەشق و راوێژ و هاریکاریکردن گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە.
 
ساکی وتیشی‌، لەو هاوبەشی و پەیوەندییە "تووندوتۆڵە" لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبين کە لە رابردوودا هەمان بووە.
 
ئەمریکا رایگەیاندووە لەسەر داوای حکومەتی عێراق تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هێزەکانیان چیدی ئەرکی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە ناگرنە ئەستۆ، بەڵکو ئەو ئەرکەی دەمێنێتەوە لە مەشق و راهێنان و هاریکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق خۆی دەبینێتەوە.
 
ئەمریکا بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ژمارەی سەربازانی لە سەرووی 3000 سەربازەوە کەمکردەوە بۆ 2500 سەرباز، بایدن ئاماژەی بەوەنەداوە کە چەند سەربازیان لە عێراق دەمێننەوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی گوتووە کە لەوانەیە بۆ مەشق و راهێنان کردن پێویست نەکات ژمارەی سەربازان لەوە کەمتربێتەوە.

دەقی قسەکانی جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشكی سپی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا:

"تەنیا دەمەوێ بڵێم گرنگترین شت ئەمەیە کە ئەمە گۆڕانکارییە لە ئەرکەکەمان، واتا ئەرکمان لە عێراق گۆڕانکاری بەسەردادێت، پشت بەوە دەبەستین کە چیمان پێویستە بۆ ئەو ئەرکە. من وردەکارییە کردارییەکەت بۆ ئاشکراناکەم، بۆ ئەمە داوات لێدەکەم پرسیار لە وەزارەتی بەرگری بکەی، بەڵام یەکەم هەنگاو گۆڕانکارییە لە ئەرکەکەمان، کۆتایی بە شەڕکردن دێت، کۆتایی بە رۆڵی شەڕکردن دێت لە عێراق و بەرەو رۆڵێک دەڕۆین کە زۆرتر خۆی لە مەشق و راوێژکاری و هاریکاری دەبینێتەوە. سەرکردایەتیی عێراقی ئەو داوایەیان کردووە کە دەیانەوێ ئەم گۆڕانکارییە بەڕاستی ببینن... بەرەو قۆناخێک هەنگاو دەنێین کە بەمانای کۆتاییهایهێنان بە هاوبەشیی نێوانمان نایێت، پێگەمان لە عێراق دەهێڵینەوە، بەڵام بۆ مەبەستێکی دیکە، بەدڵنیاییەوە ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتیی عێراق، بەجۆرێک بتوانین لە شەڕی داعش و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە مەترسیدارەکان کە لەلایەن ئێرانەوە دێن، سوود بگەیێنین. ئەمە گۆڕانکاریێکە لە ئەرکەکەمان. ئەمە بەواتای نەمانی هاوبەشیمان نییە یاخود نەهێشتنی پێگەمان یاخود پەیوەندی تووندوتۆڵمان لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان."
 


AM:11:38:27/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 1748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو