حكومه‌ت واده‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی به‌بێ لیبڕین راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوز _
دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم مانگەوە لێبڕینی مووچە نامێنێت، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی رایدەگەیه‌نێت، "سبەینێ دە‌ست بە ‌دابە‌شكردنی مووچە دە‌كرێت".

سەمیر هەورامی، وته‌بێژی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ 26ی ته‌مموزی 2021، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ته‌مموز به‌بێ لێبڕین ده‌كرێت.

هه‌ورامی، باسی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ی ته‌مموزی 2021 كردووه‌ و ده‌ڵێت: "ئە‌نجومە‌نی باڵای ئابووری ھە‌رێم ئە‌مڕۆ كۆبوونە‌وە‌یە‌كی تایبە‌تی لە‌بارەی‌ بارودۆخی ئابووری ئە‌نجامدا و بڕیاریدا، مووچە‌ی مووچە‌خۆرانی ھە‌رێمی كوردستان بە‌تە‌واوە‌تی تە‌مویل بكرێت و ھیچ بڕە‌ پارە‌یە‌كی لێ كە‌منە‌كرێتە‌وە‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: ئە‌م بڕیارە‌ی حكومە‌تی ھە‌رێم، پاش ئە‌وە‌ دێت كە‌ حكومە‌تی عیراق لە‌سە‌ر بنە‌مای یاسای بودجە‌ی 2021ی عیراق بڕە‌ پارە‌یە‌ك كە‌ 200 ملیارە‌ وە‌ك سلفە‌ی دارایی بۆ ھە‌رێم دە‌نێرێت، ھە‌روە‌ھا رێكخستنە‌وە‌ و زیادبوونی داھاتی ناوخۆی ھە‌رێمیش ھۆكار بوو بۆ تە‌مویل كردنی تە‌واوە‌تی مووچە‌.

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند: لەم مانگەوە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەکرێت بە تەواوی و بە بێ لێبڕین.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا: ئەرکی لە پێشینەی حکومەت دابینکردنی مووچە بووە، ئەگەر حکومەتی فیدرالیش بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی و ناردنی ئەو بەشە بودجەیەی کە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لە سەری رێککەوتوون، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە پێدانی مووچە لە کاتی خۆی و بە تەواوی. 


PM:02:59:25/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 18140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت