ده‌میرتاش لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانی ڤایمەری ئەڵمانیا خەڵات دەکرێت

‌سه‌ڵاحه‌ین ده‌میرتاش

وێستگه‌ نیوزـ

هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانیی ڤایمەری ئەڵمانیاوە خەڵات دەکرێت. 
 
ساڵانە ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری ڤایمەری ئەڵمانیا لە رێگەی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی ئەو نەتەوانەی لەژێر هەڕەشەدان، خەڵاتی مافەکانی مرۆڤ بە کەسایەتییەک دەدات. بۆ ئەمساڵیش خەڵاتی ڤایمەر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەدرێتە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان. 
 
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن شارەوانیی ڤایمەرەوە بڵاوکراوەتەوە، "سەلاحەددین دەمیرتاش یەکێکە لە کەسایەتی و سیاسەتڤانە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا. ئەو هەموو تواناکانی خستووەتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە دیالۆگ و رێگەچارەی ئاشتیخوازانە. دەمیرتاش داکۆکی کردووە لە بەها دیموکراسییەکان و رەخساندنی ئازادی بۆ کریستیان، عەلەوی، ئێزیدییەکان. ئەو بەهەمان شێوە داکۆکیکاری بەردەوام بووە بۆ مافەکانی کورد، ئاشووری، ئەرمەنییەکانی تورکیا. دەمیرتاش بەردەوام داوای خوێندن بەزمانی دایک کردووە و باوەڕی بە یەکسانی و ئازادییەکان هەبووە". 
 
رێوڕەسمی خەڵاتەکە لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و داوا دەکرێت کەسێک بە نوێنەرایەتیی دەمیرتاش خەڵاتەکە وەربگرێت. 
 
ساڵی 1998، مەراڵ دانیش بێشتاش، پەرلەمانتاری ئێستای فراکسیۆنی هەدەپە ئەو خەڵاتەی وەرگرت. 
 
سەڵاحەددین دەمیرتاش لە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2016ـەوە زیندانییە و لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە زیندانیکراوە


PM:09:25:22/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 2844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو