ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ڕەوشی عێراق گەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەن کە 19ی تەمموزی 2021 لەبەغدا رویدا و داوا لە تەواوی وڵاتان دەکەن بۆ هەماهەنگیی چالاکانە لەگەڵ حکومەتی  و هەمو دەزگا پەیوەندیدارەکانی بەگوێرەی پابەندییان و لەبەر ڕۆشنایی یاسا جیهانییەکان و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا. 

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ''ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەن کە 19ی تەمموزی 2021 لەبەغدا رویدا و هێرشەکەش، کە داعش پەرپرسیاری خۆی لێ راگەیاندوە، بوە مایەی کوشتنی 30 کەس و برینداربونی لانیکەم 50  کەس. ئەنجومەنی ئاسایش هاوسۆزی و سەرخۆشی گەرمی خۆیان بۆ خانەوادەی قوربانیان و حکومەتی عێراق دەردەبڕن و هیوای هەرچی زو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازن. ''

ئەوەش خراوەتەڕوو،  ''پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی و سەروەری و یەکێتی خاک و پرۆسەی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی عێراق دوپات دەکەنەوە. جەختیش دەکەنەوە لەوەی تیرۆر بە هەمو جۆرەکانییەوە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئاشتی و سەقامگیریی جیهانی. بۆیە پەلکێشکردنی ئەنجامدەران و سەرپەرشتیکاران و دارایی دابینکەرانی ئەم کارە قێزەونانە بۆ بەردەم دادگا بەپێویست دەزانن.''

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسیلەوەشکردووە، ''هەر کارێکی تیرۆر لەژێر هەر بیانویەک دا بێت و بەهەر ئامانجێک بێت و لەلایەن هەر کەس و لە هەر شوێنێکدا بێت بە تاوان هەژمار دەکرێت. بۆیە لەسەر وڵاتان پێویستە بە هەمو شێوازێک بەرەنگاری هەڕەشەکانی تیرۆر بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی جیهان ببنەوە بەگوێرەی دەستوری نەتەوە یەکگرتوەکان و پابەندییەکانی تری یاسا جیهانییەکان بەگرتنەخۆی یاساکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی و پەنابەرانیشەوە. لەو روانگەیەشەوە پشتگیری خۆیان بۆ سەقامگیریی عێراق و شەڕی بەردەوامی لە دژی تیرۆر دوپات کردەوە. ''


PM:06:24:22/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 4420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو