شێخ جه‌عفه‌ر: هاوپەیمانان یەکخستنەوەی پێشمەرگەیان کردووەتە مەرجی هاوکاریکردن

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستاندا یەکبخرێت و هاوپەیمانانیش بەو مەرجە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

جەعفەر مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی دووەمی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکاندا رایگەیاند: "لە ئێستادا هەرێم و ئەزموونەکەی لەنێو تاقیگەی دەوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتانی ناوچەکەدایە و شیکردنەوەی بۆ دەکەن و هەر وڵاتەش بەپێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەکات و پێویستە ئێمە دوژمنایەتی بگۆڕین بۆ دۆستایەتی و ئاگری شەڕ لە هەرێمەکەمان دووربخەینەوە".

لەبارەی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە جەعفەر مستەفا دەڵێت: "ئێمە خوازیارین ئەم گرفتە لە رێی دیالۆگەوە کۆتایی بێت و شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمەکەمان دوور بخەینەوە".

جێگری سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "پێویستە بە یەکڕیزی ئاشتی کۆمەڵایەتی بگەڕینینەوە بۆ خەڵکی کوردستان و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابینبکەین و ئەوەی کراوە کەم نییە، بەڵام دەکرا زیاتر و باشتربکرێت".

راشیگەیاندووە: "دەبوایە پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و وڵاتانی دونیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز پتەوتر بوایە و پێویستیش بوو پەیوەندیمان لەگەڵ هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردسنان باشتر و پتەوتر بوایە و ئەم ئەرکەش بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەستۆی پارتی و یەکێتیدایە".

لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی 70 سەر بە یەکێتین و هێزەکانی 80 سەر بە پارتین، چەند لیوایەکی هاوبەشیش لە وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسانی هەرێم باس لە هەوڵەکانیان دەکەن بۆ یەکخستنەوەی ئەو هێزانە، بەڵام تا ئێستا هێزەکان یەک نەخراونەتەوە.


PM:03:55:20/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 1228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت