په‌رله‌مانتارێك شێوازی چارەسەركردنی كێشەی بەرزی نرخی بەنزین دەخاتەڕوو


وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان زانیاری لەسەر بەنزین ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت: بەداخەوە لە ئێستادا هەرێم لە %20 بەنزین بەرهەم دەهێنێت و لە 80%ی هاوردە دەكات و ئەوەش هۆكاری بەرزی نرخەكەیەتی.

د. شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە ماڵپه‌ری فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگەیاندووه‌: ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەبەستی بێت، دەتوانێت نرخی بەنزین دابەزێنێت و هەرێمی كوردستان پێویستی بە كڕینی بەنزین لە دەرەوەی وڵات نابێت كە بەداخەوە لە ئێستادا هەرێم لە %20 بەنزین بەرهەم دەهێنێت.

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "تێچوی یەك لیتر بەنزین ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان نەوت دابین بكات بۆ پاڵاوگەكان ناگاتە 200 دینار كە ئێستا لە كەركوك و عیراق ئەو رێگەچارەیە پەیڕەو دەكرێت و نرخی بەنزین لەخوار 500 دینارەوەیە و هاوڵاتیان لەو كێشەیە رزگاریان بووە".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەشڵێت: "ئێستا گرفتەكە ئەوەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەو بەنزینەی بەرهەمی دەهێنێت بەنرخی بەنزینی هاوردەكراو دەیفرۆشێت ئەوەش گران دەكەوێت لەسەر هاوڵاتیان و رێگەچارەی چارەسەركردنی كێشەكە ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕی پێویست نەوت بۆ پاڵاوگەكان دابین بكات و پاڵاوگەكان بەنزینی ناوخۆی بەرهەم بهێنن".


PM:02:11:14/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 4144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو