لە هه‌رێم هۆشداری لە بەکارهێنانی جۆرە حەبێک دەدرێت


وێستگه‌ نیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان رایده‌گه‌یه‌نێت،  بەپێی نووسراوی سەنتەری چاودێریکردنی دەرمانی عێراقی حەبی Nexium 40mg  به ژماره باچەکانی (ZCRD May/2022) و (ZCRH June/2022) ساختەیه و سەرچاوەکەی نادیاره، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات ئەو جۆرە حەبە وەکو چارەسەر بۆ گەدە بەکاردێت و نابێت بەکاربهێنرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی حوزەیرانی 2021، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە: "هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوه بەپێی نووسراوی سەنتەری چاودێریکردنی دەرمانی عێراقی حەبی Nexium 40mg  به ژماره باچەکانی (ZCRD May/2022) و (ZCRH June/2022) ساختەیه و سەرچاوەکەی نادیاره، له کاتی بوونی ئەم دەرمانه بە ژماره باچەکانی ئاماژەپێکراو خۆتان له بەکارهێنانی بپارێزن و ئاگادارمان بکەنەوه".
 
د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: " ئەو جۆرە حەبە وەکو چارەسەر بۆ گەدە بەکاردێت، بەڵام لەلایەن سەنتەری چاودێریکردنی دەرمانی عێراقییەوە ئاگادارکراوینەتەوە کە ئەو جۆرە و بەو ژمارانە ساختەیە و نابێت بەکاربهێنرێت".
 
د. شێروان سادق ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هەرچەندە ئەو جۆرە حەبە هێشتا نەهاتووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە عێراق هەیە.
 
د. محەممەد رەشید، بەرپرسی چاودێری دەرمانی هەولێر لە بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمانی وەزارەتی تەندروستی وتى، هەفتەیەک پێش ئێستا لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە، لە جۆرە دەرمانێک بەناوی "Nexium 40mg"  کە بۆ گەدە بەکاردێت و خەڵکێکی زۆر لە کوردستان بەکاری دەهێنن، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو جۆرە دەرمانە به ژماره باچەکانی (ZCRD May/2022) و (ZCRH June/2022) ساختەیه و سەرچاوەکەی دیارنییە، بۆیە ئێمە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جۆرە دەرمانە دەرمانخانەکانمان پشکنین، بەڵام خۆشبەختانە هیچ دەرمانێکی لەو شێوەیە بەو باچانەی بەغدا ناردبووی لەبازاڕ نییە و هەمووی ستیکەری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانی پێوەیە.

بەرپرسی چاودێری دەرمانی هەولێر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، "ئەوانەی بازرگانی بەدەرمان دەکەن، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک کەس سزای توونددراون ناتوانن دەرمانی قاچاخ  و ساختە بفرۆشن، هیچ کەسێک ناتوانێت ستیکەر ساختە بکات، چونکە لەلایەن کۆمپانیاوە دوای پشکنین لە دەرمانەکان دەدرێت، بەرنامەشمان هەیە لە مەودوا خۆمان ستیکەر لە دەرمان بدەین، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەکی لەوجۆرەمان نەبێت، داواش لە هاونیشتمانیان دەکەم دەرمانی بێ ستیکەر لە دەرمانخانەکان نەکڕن."

هاوكات بەرپرسی چاودێریی دەرمانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەیەک پێش ئێستا دەرمانخانەیەکمان داخست دەرمانی وەزارەتی تەندروستی فرۆشتبوو، "ئێمە ئیجرائاتی تووند دەکەین لەگەڵ ئەو کەسانە و بەردەوام چاودێری دەرمانخانەکان دەکەین، بۆیە ئەمە دووبارە نابێتەوە."
 


PM:04:05:13/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 4708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت