وەزارەتێک لەسەر ڤیاگرا روونکردنەوەیەکی بۆ وەزیرەکەی بڵاوکردەوە

‌دیمەنێک لە گرتە ڤیدیۆییەکە

وێستگە نیوز-

وەزارەتى ڕۆشنبیرى عێراق لەسەر بڵاوبوونەوەى گرتە ڤیدیۆییەکی لەکاتی قسەکردنی وەزیرەکەى لەگەڵ فەرمانبەرێکدا کە پێی دەڵێت "بۆ ڤیاگرات خواردووە" ڕوونکردنەوە دەکات و دەڵێت، وەزیر وەکو گاڵتە ئەو قسانەی لەگەڵدا کردووە و کێشەى ئەو فەرمانبەرەش چارەسەرکراوە.  


لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانی عێراق (12ى حوزەیرانى 2021) ڕایگەیاندووە، هەندێ لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گرتەیەکى ڤیدیۆى حەسەن نازمى وەزیریان بڵاوکردووەتەوە کە گوێ لە هاوڵاتیەک دەگرێت و نەهامەتییەکانى خۆى باس دەکات لە مامەڵەیەکى ئیدارى فەرمانگەیەکى سەر بە وەزارەتەکەیاندا کە ماندوویان کردووە و ئەویش هەژارە و باوکى نۆ مناڵە.  

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، دواى ئەوەى وەزیر بە بایەخەوە گوێ لێ دەگرێت و بۆ کێشەکەشى فەرمان دەکات بەخێرایى بۆى تەواو بکەن و دەرماڵەکەى بۆ بگەڕێننەوە وەکو خاککەڕایش (تواضع) وەزیر چەند گاڵتەیەکی لەگەڵ دەکات ئەوەش وەکو شکاندنى بەستەڵەکى نێوان خۆى و فەرمانبەرەکانى .  

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە چەند خولەکێکى کەمى گرتە ڤیدیۆیەکەدا سووربوونى وەزیر لە پەیوەندیکردن و نزیکى لە فەرمانبەرەکانى دوور لە ڕۆتینات پیشاندەدات و هەروەها بە ڕۆحیەتى باوکانە دەیەوێت کێشەکانیان چارەسەر بکات و ئەو فەرمانبەرەش گەڕاوەتەوە سەر وەزیفەکەى خۆى بەپێى یاسا.  

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوێنێ هەینى  بڵاوبووەتەوە، پیاوێکی عێراقی لای وەزیر سکاڵا دەکات و دەڵێت، "سوێند بەخوا نۆ منداڵم هەیە، ئەوە چوار ڕۆژە"، یەکسەر وەزیری قسەکەى پێ دەبڕێت و بە گاڵتەوە پێی دەڵێت، "بۆ هێندە ڤیاگرات خواردووە؟!"  

وەڵامەکەى وەزیری ڕۆشنبیری وەک گاڵتەیەک بوو، لەوانەیە بۆ ئەوە بێت تۆزێک باری سەرشانی سوک بکات، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توڕەییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.    

زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێیان وایە کە ئەوە سوکایەتییە بە دۆخی خراپی هاوڵاتیان و کەمتەرخەمییە لە ئاستی بەرپرسیارێتی، بەڵام هەندێکیش پێیان وایە قسەکەى وەزیر وەک ئامۆژگاری وایە کە نابێت خەڵکی هەر لەخۆیانەوە منداڵیان ببێت بەبێ پلان.    

بەهۆی دۆخی خراپی ئابوری و سیاسی، ساڵی 2019 خۆپیشاندان چەندین شاری عێراقی گرتووە و داوای گۆڕانکارییان کرد لە دەسەڵات، هەر ئەوکاتە بەهۆی فشاری خۆپیشاندەرانەوە، عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیران دەستی لەکارکێشایەوە.    

مانگی ڕابردوو، نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ 14% بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەى حکومەت نرخی دیناری بەرامبەر دۆلار داشکاند و ئەوەش بووەهۆی بەرزبوونەوەى نرخی خواردن و هەموو کاڵاکانی تر.   


PM:02:53:12/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 5584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت