د. بەرهەم: هەڵبژاردنەکانی داهاتوو چارەنووسساز و یەکلایکەرەوەیە


وێستگه‌ نیوز-
د.بەرهەم ساڵح کۆبونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا لەبارەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران و رایده‌گه‌یه‌نێت، پاکوبێگەری هەڵبژاردنەکان پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ ھێنانەکایەی چاکسازی بنەڕەتی و پشتیوانی لە کاروانی دیموکراسی.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگه‌یاندووه‌، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆشکی سەلام لەبەغدا کۆبونەوەیەکی بەرفراوانی گرنگی ئەنجامدا لەبارەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران کە تێدا ھەریەک لە جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق و سەرۆکی ئیداری هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ھەردو سەرۆکی سەندیکای پارێزراوان و رۆژنامەنوس و سەرۆکی یەکێتی یاساناسان و ژمارەیەک تۆڕی چاودێری هەڵبژاردن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی بون.

لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن کراوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتودا، ھەروەھا بەگرنگییەوە باس لە رۆڵی دەزگاکانی جێبەجێکار و تەشریعیەکانی دەوڵەت و رۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاودێریکردن و زامنکردنی پاکوبێگەری و دادپەروەری هەڵبژاردنەکان کراوە دور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، دوپاتیشکرایەوە لە دوبارەنەبونەوەی ھەمان ھەڵە و ساختەکاری پرۆسەکانی پێشو، کە بوە ھۆی ئەوەی دەنگدەران متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەمێنێت.

لەکۆبونەوەکەدا سەرۆک کۆمارى عیراق رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی داهاتو چارەنووسساز و یەکلایکەرەوەیە، بۆیە گرنگییەکی زۆری ھەیە، بەتایبەتی کە دوای داواکاری جەماوەری و کۆدەنگی نیشتمانی ھات بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆخی نەخوازروای وڵات، ھەروەھا  تاقیکردنەوەیەکی گرنگیشە بۆ راستکردنەوەی پرۆسەی دێموکراسی و ئایندەی وڵات، ھاوکات ئاماژەیکرد بەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو بارگرژییە سیاسییەی وڵات دەگەڕێتەوە بۆ بونی کەموکورتی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ھەرئەوەش بوەتەوە ھۆی ئەوەی ھەڵبژاردن شەرعییەت لەدەستدا لەلای هاوڵاتیانی عێراق.

د. بەرھەم جەختیکردەوە لە گرنگی گەڕاندنەوەی متمانەی دەنگدەران بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان و دڵنیابون لەبەشداری بەرفراوانی خەڵک وەک کارێکی سەرەکی و لە پێشینە، تاوەکو هەڵبژاردنەکان رێڕەوی راستەقینەی ئاشتیانەی گۆڕانکاری و چاکسازیی و راستکردنەوەی دۆخی گشتی وڵات بێت و ھاوکات پشتیوانی بکات لە پرۆسەی دێموکراسی لە وڵات، کەبەهۆی پێشێلکارییەکان لە پرۆسەکانی هەڵبژاردنی پێشو متمانەی نەماوە، ئاماژەشیدا بەپێویستی گەڕاندنەوەی دەسەڵات بە عێراقییەکان لە دەربڕینی خواستی ئازادانەی خۆیان وەک بنەمای شەرعی بۆ حوکمڕانی.

د. بەرھەم وتیشی، بەدیهێنانی ئەمە لە رێگەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانەوە دەبێت لەسەر بنەمای پاکوبێگەردی، ھەروەک دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بنەماکانی سیستەمی دیموکراتی، هەمو ئەمانەش مافێکی نیشتمانییە ناکرێت پشتگوێ بخرێت.

لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە ھێنانەدی ئەو داواکارییە رەوایە بەرپرسیارییەتییەکەی لە ئەستۆی هەموانە، لە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییەکان کە لە پێکهێنانی ئەم حکومەتە دا بەشداربون و پشتیوانی لە ئامانجی سەرەکی دەکات بۆ رێکخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە پێناو راستکردنەوەی هەڵە و کێشە و قەیرانە کەڵەکەبوەکان، بۆیە پێویستە دان بنین بەوەی کە کێشەی گەورەمان ھەیە و پێویستە چارەسەری ریشەیی بۆ بدۆزینەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی کارا و و جددی نەتەوە یەکگرتوەکانی کرد لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و هەروەها رۆڵی گرنگی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تۆڕەکانی چاودێری لە سەرانسەری وڵاتدا بە گرنگ وەسفکرد، بۆ بەھێزکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک و  مسۆگەرکردنی پاکوبێگەردی و دادپەروەری ھەڵبژاردنەکان.

هه‌روه‌ها ئامادەبوانی کۆبونەوەکە بە تێروتەسەلی بیروڕای خۆیان ئاڵوگۆرکرد سەبارەت بە پێویستییە گرنگەکانی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ھێنانەدی پاکوبێگەردی و دادپەروەری، لە قۆناغە جیاجیاکان و گرنگی ھەماھەنگی و یەکخستنی ھەوڵە فەرمی و مەدەنییەکان، لە پێناو چاودێریکردنی جددی و کارا بۆ سەرخستنی پروسەی ھەڵبژاردنەکان.


PM:05:21:08/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 3072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو