گەشتوگوزاری سلێمانی داهاتی پێنج رۆژی هاتنی گەشتیارانی ئاشکرا کرد

‌دیمەنێک لە شاری یاری سلێمانی

وێستگە نیوز-

وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی كردووە، كە زۆرینەیان خەڵكی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون، دەشڵێت، "لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، ٢٠ ملیۆن دۆلار داهاتی شوێنە گەشتیارییەكان بووە".


ئارام شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەمرۆ یەکشەممە دەربارەی ئاماری هاتنی گەشتیاران راگەیاندووە، تەنها لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار كە زۆربەیان خەڵكی ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بوون، روویان لە هەریەكە لە ناوچە گەشتیارییەكانی (دوكان، ئاوێسەر، ئەحمەد ئاوا، زەڵم) لە سنوری پارێزگای سلێمانی كردووە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، رێژەكە زۆر زیادیكردووە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەهۆی درێژكردنەوەی پشووەكانی جەژنیش لە عێراق، پێشبینی دەكەین ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاتریش بەرز ببێتەوە، بۆ ئەوەش ئامادەكاریی پێوست و تەواو لە ناوچە گەشتیارییەكان كراوە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بەلایەنی خزمەتگوزاریی گەشتیارییەوە هەیە لەم جێگایانە".

ئارام شوانی ئەوەشی وتووە، لە رووی جموجوڵی بازرگانی و بوژانەوەی ئابوری و بازاڕ، هاتنی ئەو رێژەیە لە گەشتیار، سودی گەورەی هەبووە و هەیە، هاوکات تەنها لە ماوەی پێنج رۆژی راِبردوودا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلار داهاتی كۆی خاوەنكار و شوێنە گەشتیاری و هۆتێل و رێستۆرانتەكان بووە لە پارێزگای سلێمانی.


PM:11:25:16/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو