وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی دەرکرد


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دوێنێ لقی هەولێری كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه‌ و چێشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناڕەزایی دەربڕی لەسەر بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ و هاتنی هاوڵاتیانی پارێزگاکانی عێراق و بڕیارەکەی بەهۆکاری "داڕمانی  كه‌رتی گه‌شتوگوزار" ناوبرد، ئەمڕۆ یەکشەممە وەزیری ناوخۆی هەرێم بڕیاری ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی لەنێوان  پارێزگاکانی عێراق و کوردستان دەرکرد.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان لەدواین بڕیاریدا کە ئەمڕۆ 16ی ئایار دەرچووە ئاماژەی بەوەکردوە، "بڕیارماندا بە ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەرەچاوکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی"، بڕیارەکەش لەرۆژی دەرچوونیەوە کاری پێدەکرێت.

دوێنێ لقی هەولێری كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه‌ و چێشخانه‌كان لەراگەیەنراوێکدا رەخنەی لەبڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ گرت و باسی لەوەکرد، "وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه‌ و چێشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لقی هه‌ولێر په‌رۆشی و ناڕه‌زایی خۆمان ده‌رده‌بڕین له‌ داڕمانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار به‌هۆی ئه‌م جۆره‌ بڕیارانه‌، بۆیه‌ پرسیارمان له‌ وه‌زیری ته‌ندروستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا 75 هه‌زار گه‌شتیار بۆ شاری سلێمانی ده‌چێت رێنمایه‌كانیان جێبه‌جێكردوه‌؟، داواشده‌كه‌ین رونكردنه‌وه‌یه‌كمان پێبدات كه‌ بۆچی ته‌نها له‌ شاری هه‌ولێر ده‌بێت رێنمایه‌كانیان جێبه‌جێبكرێن و هه‌ولێر و دهۆك باجی بڕیاره‌كان بده‌ن؟".

پێشووتریش جوتیار عادل، وتەبێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان بەمەبەستی رێگریکردن لەزیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەک رێکارێکی خۆپارێزی، بڕیاریدا هه‌ر سێ رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی رابگەیەنرێت و هاتنی گەشتیارانی پارێزگاکانی عێراقیش قەدەغە دەکرێت.

هـ.هـ


No description available.



PM:09:04:16/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 13984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت