پەرلەمانتارێک: پارتی و یەکێتی دامەزراوەکانی دادوەرییان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردوە


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەکاتێکدا لەدۆسیەی سزادراوانی بادینان پارتی و یەکێتی وەڵامی یەکتر دەدەنەوە و داوای سەربەخۆیی دادگاکان دەکەن، بەڵام لەکۆی هەر 5 دامەزراوەکەی دەسەڵاتی دادوەری "پارتی سەرۆکایەتی هەرپێنج دامەزراوەکەی بۆ خۆی بردوە و جێگرەکانیشیان یەکێتی وەریگرتوون".

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، دۆخی ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری راگەیاندن پەیوەندی هەیە بە رێککەوتنی "رەش کەلەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە و دەزگاکانی دادوەری کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردوە"، لەئەنجامیشدا دادگا بووە بە حزبی و حزب بڕیاری زیندانیکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنوسان دەردەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "پارتی، سەرۆکی دامەزراوە دادوەرییەکانی بۆ خۆی بردوە و دەڵێت دادگا سەربەخۆیەو نابێت کەس تەداخول بکات، هەروەها یەکێتی خۆی ڕێککەوتنی ڕەشی بۆ بەحیزبیکردنی دادگاکان کردووەو ھەر خۆی ھەر پێنج سەرۆکی دامەزراوە داوەریەکەی داوە بە پارتی، ئێستاش دەڵێت پێویستە دادگا سەربەخۆ بێت"، بۆیە ئومێدەوارن رەخنەکانی یەکێتی لەبڕیارەکەی دادگا لەباوەڕی ئەو حزبەوە بێت بە سەربەخۆیی کاری دادگاکان نەک سیاسەتکردن بەو دۆسیەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕو، پارتی و یەکێتی هەر پێنج دەزگاکەی ناو ئەنجومەنی دادوەری کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردوە کەبریتین لە (سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، ئەنجومەنی شورا، پەیمانگای دادوەری و سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و گەرمیان).

هـ.هـ




PM:10:22:08/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت