مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وه‌ڵامی یه‌كێتی دایه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە، سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە بارەی كەیسی چەند كەسێك، بەداخەوە چەند لایەنێك كاردانەوەی دوور لە رەچاوكردنی سەروەری یاسا و رێساكانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشان دا، بەپێویستی دەزانن رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسی كردنی بابەتەكان سوود بە بارودۆخەكە ناگەیەنێ‌ و مەرج نیە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێك نەبووبێتە بڕیار مانای راست نەبوونی بڕیارەكان بێت.

وێستگە نیوز لە تێلیگرام جۆین بكە

پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "ئەوەی روویداوە روونە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندارەكان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند كەسێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی كوردستان كراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین".

مەكتەبی سیاسی پارتی وتویەتی "ئەگەر هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن بابەتەكان بەسیاسی بكرێن و زیاتر وەك بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەكاری بخرێنە بەرچاوی هاوڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین، هیوادارین ئاڕاستە و لۆژیكی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە پێشەوەی هەموو هەوڵێكی دیكەوە بن".

دوای نزیكەی سێ مانگ لەسزادانی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی ناوچەی بادینان لەلایەن دادگای تاوانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانی، رۆژی سێشەممەی رابردوو دادگای تەمیز بە دەنگی سێ ئەندام، سزادانەكەی پەسەندكرد.

دوێنێش مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پەسەندكردنی بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان رایگەیاند، پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان و وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردبوو "وێرای ئەوەی یەكێتی لەرێگای كەناڵە رەسمییەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەڕخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیركراوانی بادینان، داواش لە سەرۆكی ھەرێم دەكات لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات و پەرلەمانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی". ‌



PM:01:44:08/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 5868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت