دژهتیرۆری عیراق ژمارهیهك چهكداری داعشی دهستگیر كرد
فۆتۆ: گێتی
وێستگه نیوز ـ
وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند، دەزگای دژە تیرۆری عیراق پێنج چەکداری داعشی دەستگیرکرد، کە چواریان لە پارێزگاکانی عیراق و یەکێکی دیکەشیان، لە پارێزگای کەرکووک بووە.
ئەمڕۆ شەممە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، لەهەڵمەتێکی هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی دیکەی حکومەتی عیراقیدا، پێنج چەکداری داعش لە چەند پارێزگایەکی عیراق دەستگیرکران.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوو چەکداری داعش لە پارێزگای بەغدا و دووانی دیکەیان لەناوچەی کەریمەی سەربە شاری فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، و چەکدارێکی دیکەیان لە پارێزگای کەرکوک، دەستگیرکراون.
دوێنێش، یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە هەڵمەتێکی هێزەکانیاندا، سێ سەرکردەی داعشییان لە باشووری شاری بەغدا کوشتووە و سەرکردەیەکی دیکەی ئەو گروپەشیان دەستگیردکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانیش، ژمارەی چەکدارانی داعش بە 10 هەزار چەکدار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریکا، ژمارەی چەکدارانی ئەو گروپە بە 14 تا 16 هەزار چەکدار لە عیراق و سوریا دەخەمڵێنن.
لە حوزەیرانی ساڵی 2014دا، گروپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە عیراق سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عیراق و سوریادا گرت، دواتریش لەساڵی 2017 دا هێزە سەربازییەکانی عیراق سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپەدا راگەیاند.
AM:10:42:08/05/2021
ئهم بابهته 2008
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت