کەنەدا لەسەر سزادراوانی بادینان هەڵوێستی خۆی راگەیاند


وێستگە نیوز-
نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر رایگەیاند، "کەنەدا زۆر نیگەرانە لە سزادانی‌ رۆژنامەنووس و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان".



نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کەنەدا زۆر نیگەرانە لە سزادانی‌ رۆژنامەنووس و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، راگەیاندنی‌ ئازاد و سەربەخۆ بناغەی دیموکراسیە و، راگەیاندنکاران و بیروڕای جیاواز وەک ئۆکسجین گرنگە بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و هۆشیار و گشتگیر.

پاش بڕیارەکەی سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر، لەبارەی پەسەندکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ شەش رۆژنامەنووسەکەی بادینان رایگەیاند، "بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا بێمانایە و پێچەوانەی ئەو گیانی پەیوەندییە دۆستانە و نزیکەی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانی عیراقە".

هاوکات، کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر هەڵوێستی خۆی لەبارەی سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی راگەیاند و دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە پشتگریی ئازادیی رادەربڕین و میدیایی کردووە".

لەلایەن خۆیەوە، رێکخراوی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان ناسراو بە سی پی جەی رایگەیاند، بڕیاری دادگای هەولێر تایبەت بە پەسەندکردنی بڕیاری "شەش" ساڵ زیندانی بۆ زیندانیکراوانی هەولێر دەرخەری ئەوەیە کە لای حکومەتی هەرێم ئازادی رۆژنامەنووسی تەنها قسەیە و هیچ هەنگاوێک بۆ بەرقەراکردنی ناگرنەبەر.

لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دانپێدانانەکانی ئەو پێنج حوکمدراوەی بادینان، ناوی کۆنسوڵخانەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا هاتبوو کە کاردانەوەی ئەو دوو کۆنسوڵخانەیەی لێکەوتەوە.

دوێنێش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "سیستمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە لە حکومەت، بۆیە حکومەت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری دادگەکاندا بکات".
 
هەر لە راگەیەندراوەکەی حکومەتدا هاتووە: "بە رێز و پێزانینێکی زۆرەوە، لە رۆڵی هاوپەیمانەکانمان لە دیپلۆماتکاران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڕوانین، بەتایبەتی پشتیوانیکردنمان لە شەڕی دژ بە داعش".



AM:10:03:08/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت