وەزیری پێشمەرگە بۆ لیوا هاوبەشەکان: رێگە نەدەن تیرۆریستان هەلبقۆزنەوە

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگە نیوز-
لەمیانی کۆبونەوەی وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەو جێگرانی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، هۆشداریدا لەبارەی پاراستنی سەنگەرەکان و بەرەوپێشچوونی توانای سەربازی هێزی پێشمەرگە لە سەرجەم لیواکاندا.


به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئەمرۆ سێشه‌ممه‌ 5ی ئایاری 2021، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت و ئەمینداری گشتی وەزارەت و سەرۆکی دەستەی ئەرکان، لەگەڵ فەرماندە و جێگری لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە لە نزیکەوە لەگەڵ فەرماندەی لیواکان و جێگرەکانیان تاوتوێی دۆخی ئێستای پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند: وەک وەزارەتی پێشمەرگە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی هێزی پێشمەرگەن.
 
وتیشی: "دواین جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش بەدیاریکراوی لەو ناوچانەی، کە بۆشایی ئەمنیان هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق، ئەرکی ئێوە قورستر دەکات و لەو پێناوەشدا دەبێت سەنگەرەکان قایمتر و تۆکمەتر بکەن".
 
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، پڕۆسەی رووبەروبوونەوەی داعش و دواین پێشهاتە سەربازیەکان لە سنووری لیواکان تاوتوێکرا، بۆ ئەمەش وەزیری پێشمەرگە، فەرماندەی لیواکانی ئاگادارکردەوە، هەوڵەکانیان لە پرۆسەی خۆڕێکخستن و پەرەپێدان بە توانا سەربازیەکانی هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت و پلانی ستراتیجی سەربازیانەی وردیان هەبێت، زیاتر هەوڵبدەن دیسپلینی سەربازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بچەسپێنن، لەم پێناوەشدا وەزارەتی پێشمەرگە هەمیشە پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت.

کۆبوونەوەکە، بە سەرنج و پێشنیازی فەرماندەی لیواکان لەبارەی پێداویستی و گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی ئێستای لیواکان و رووبەروبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کۆتایی پێهات.


PM:07:56:04/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت