دادگای تەمیز سزای بەندکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینانی پەسەندکرد

‌‌سزادراوانی بادینان

وێستگەنیوز-

حاکم شێخ لەتیف رایگەیاند، دادگای پێداچونەوەی ھەرێم  کە لە پێنج دادوەر پێکدێن بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد.

حاکم شێخ لەتیف، دادوەر و شارەزایی دەستوری لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەداخەوە دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی ھەرێم  کە لە پێنج دادوەر پێک دێن بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکەی دادگا "رۆژێکی رەش و وەرچەرخانێکی ترسناکە لەروی بەکارھێنانی دادگا بۆ سزادانی سیاسی ، ناوبانگی ھەرێمیش زیاتر ناشیرین دەکات".

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

پەیوەست بە رێکاری یاساییش بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگا حاکم شێخ لەتیف باسی لەوەکردوە، "تاکە رێگا مابێ ئەوەیە کە سەرۆکی ھەرێم لەئاستی وتەکانی خۆی بێ و بڕیارێکی لێبوردنی  تایبەتیان بۆ دەربکات، چونکە پێش بینی ناکرێت تازە دەستەی گشتی دادگای پیداچونەوەش بریارەکەی بۆ بگۆڕدێت یان بیەوێت بیگۆرێت ئەگەر داوای راستکردنەوەش بکرێت".

ئەوەشی خستوەتەڕو، جارێ بڕیارەکەی دادگای پێداچونەوەی هەرێم "چاپ و واۆ نەکراوە ھیوادارین چاوی پێدا بخشێنەوە، چونکە باش دەزانن بێ گوناحن و تاوانیان نەکردوە، ھەروەک چۆن دادگای تاوانەکانی دھۆک پێشتر لە کەیسی ھاوشێوەی مامۆستا بەدەل بەرواری بریاریدابوو کە ئەوەی مامۆستا بەدەلی پێ تاوانبار کراوە تاوان نیەو دەچێتە خانەی ئازادی رادەربڕین و رەخنە گرتنەوە".

رۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانه‌كانی دوی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی سنوری بادینان بەتۆمەتی (کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری و پێدانی زانیاری بە لایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان).

بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی 21ی سزادانی عێراقی بو کەتایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی هەرێم و کارکردنی بۆ لایەنی دەرەکی، بڕیارەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ناڕەزایی لێکەوتوەتەوە.

ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەی بڕیارەکەیان بۆ دەرچووە بریتین لە  (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا)،  بەوتەی ئاسۆ ئاشم پارێزەری دەستگیرکراوەکان و ئەو پەرلەمانتار و چالاکوانانەی ئامادەی دانیشتنەگەی دادگا بون راگیراوەکان سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردوەتەوە و دانیان بەهیچ شتێکدا نەناوە کە تاوان بێت و ھیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نەبوە تاوانباریان بکات، لەئەنجامیشدا دادوەر شەش ساڵ حوکمیداون.

ئەو کەسانەی ناڕازین لەبڕیارەکانی دادگا باوەڕیانوایە پێویست بو ئەو کەسانە بەیاسای ژمارە (35)ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە (11) خۆپیشاندانەکان لەهەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ئەو کەسانە هاوڵاتی مەدەنی رەخنەگرو بێ چەکن بەپێی دەستوری عێراق مافی ئازادی رادەربرینیان پێداوە، داواش دەکەن حکومەتی ھەرێمیش واز لە تەحەدا و فشارخستن بۆ سەر دەستەڵاتی دادوەری بھێنێت و بە نیشتیمانییانە مامەڵە لەگەڵ راگیراوەکان بکات.

هـ.هـ


AM:11:35:04/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 5320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو