پەرلەمانی عێراق داوای گۆڕینی ژمارەیەک بەرپرس دەکات


وێستگەنیوز-

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو پێشێلکاریەی ئەمنیانەی ماوەیەکە لەناوچەکان رودەدات کە نیشانەی لاوازی توانای هەواڵگرییە، داوایان لە حکومەت کردوە گۆڕانکاری لەژمارەیەک بەرپرس لەناوچە جیاوازەکان بکات.

کاتع ئەلرکابی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمان بەتۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاندوە، لیژنەکەیان باوەڕی وایە لاوازی هەواڵگری لەچەند ناوچەیەکدا وایکردوە داعش لەماوەی چەند رۆژی رابردودا ژمارەیەک هێرش لەناوچەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ئەنجام بدات، چونکە بەرپرسانی ئەمنی چاودێری کەرتەکان و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان ناکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەر ئەو بابەتە لیژنەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ودەزگای هەواڵگری کۆبووەتەوە و لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییە داوای لێبرسینەوەیان لەبەرپرسان کردوە لەگەڵ گۆڕینی بەشێکی دیکەیان.

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان باسی لەوەشکردوە، چەندینجار رێنماییان بۆ فەرماندە ئەمنییەکان ناردووە و هۆشدارییان داوە لەوەی لەچەند ناوچەیەک بەهۆی زۆری پێشێلکارییەکان، پێویستە رێکاری توندی هەواڵگری و سەربازی بگیرێتەبەر.


AM:08:38:04/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت