‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كرێت


-وێستگە نیوز-

روانگه‌ی مافی مرۆڤی عێراقی "ئافاد" جه‌خت له‌سه‌ر پێشێلكاریی گه‌وره‌ی دژ به‌ مافی مرۆڤ له‌ گرتووخانه‌كانی عێراق ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه‌ ده‌یان زیندانی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.


به‌پێ‌ی راپۆرتێكی ماڵپەر‌ی "حوڕه‌" ‌ له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق، كه‌ ناوه‌كانیان ئاشكرا نه‌كردووه‌‌،دەڵێت، "له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان له‌ناو زیندانه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق و ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه زۆر زیادی كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو، له‌سێداره‌دان و خراپی دۆخی مرۆیی ناو زیندانه‌كان‌".


‌وا ‌بڵاوكراوەتەوە "به‌پێی فه‌رمانگه‌كانی پزیشكیی داد، جه‌سته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ قوربانییه‌كان ئاسه‌واری لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌سه‌ر ناوچه‌ی كه‌مه‌ر (ناوقه‌د)، ئه‌ندامی زاوزێ، خواره‌وه‌ی پشت و شكان له‌ بڕبڕه‌كانی مل دیاره و هه‌ندێكی دیكه‌ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی په‌ستانی خوێن، ژه‌هراویبوونی خۆراك و خوێن ڕێزی ناوه‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌ هۆكاره‌كه‌یان نه‌كراوه‌، گیانیان له‌ده‌ستداوه‌‌".


رۆژنامه‌نووس زیاد سنجری، وتە‌بێژ به‌ناوی روانگه‌كه‌ له‌ لێدوانێكدا روونیكرده‌وه‌، "له‌ 5ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵه‌وه‌ رێژه‌ی مردن له‌ناو گرتووخانه‌كانی عێراق رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌‌، به‌شێوه‌یه‌ك ژماره‌ی مردن گه‌یشتووه‌ته‌ 60 كه‌س و زۆربەیان له‌ مانگی ئازاری ئه‌مساڵ تۆماركراون".


سنجری وتیشی: "تۆماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، زیاتر له‌ نیوه‌ی قوربانیان له‌ ته‌مه‌نی ناوه‌ڕاستن (35 بۆ 50 ساڵی) و پێشتر هیچ نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نیان نه‌بووه‌".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "زۆرترین ژماره‌ی مردن له‌ هه‌ردوو زیندانه‌كانی ناسریه‌ (الحوت) و تاجی له‌ به‌غدا تۆماركراون".


ئاشكراشیكرد، "رێژه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و زیندانیانه‌ی به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه‌ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، له‌ ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌عقوبه‌ و لێكدانەوەكانی رەسافە‌، رومادی و حلله‌ تۆمارده‌كرێن".


سنجری وتی: "دۆخی كاره‌ساتبار و حاڵه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دانی توند پێویستی به‌ هه‌ڵوێستێكی نوێیه‌، كه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت كوشتنی زیندانییه‌كان بوه‌ستێنێت و ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ مه‌به‌ستداره‌ش بوه‌ستێنێت، كه‌ له‌ڕووی پزیشكییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ زیندانییه‌كان ده‌كرێت".


له‌ به‌رامبه‌ردا چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی پله‌ باڵای وه‌زاره‌تی داد تایبه‌ت ره‌تیانكرده‌وه‌، "هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌شكه‌نجه‌دان یان سه‌رپێچیكردنی یاسا له‌ناو گرتوخانه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان هه‌بێت" و جه‌ختیان كرده‌وه‌، "كێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی زیندانه‌كان قه‌ره‌باڵغی و لاوازی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كانه‌".


به‌پێی ‌وتەی ئه‌و سه‌رچاوانه‌، "پێویسته‌ جیاكاری له‌ نێوان زیندانییه‌كاندا بكرێت، هه‌ندێكیان له‌ قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ن و سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی داد نین، به‌ڵكو په‌یوه‌ستن به‌ ده‌زگاكانی پاراستنی یاسا، وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگاكانی دژه‌تیرۆر، هه‌ندێكی دیكه‌ش سزای خۆیان به‌سه‌رده‌به‌ن، كه‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌ن ده‌كه‌ونه‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی داد".


‌ سه‌باره‌ت به‌ بوونی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و مردنی بێ پاساو له‌ زیندانه‌كان، سه‌رچاوه‌كان رایانگه‌یاند: "لێره‌دا تێكه‌ڵاوییه‌ك هه‌یه‌، هه‌ندێك جار كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ته‌رمی مردووێك له‌سه‌ر لاته‌نیشتێك بهێڵرێت، په‌ڵه‌ی خوێناوی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و وه‌ك شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌دان دیار ده‌بێت، كه‌ ته‌نیا پزیشكی داد ده‌توانێت ئه‌و راستییه‌ ئاشكرا بكات".


ئه‌و سه‌رچاوانه‌ دووپاتیانكرده‌وه‌، "هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتنی مه‌به‌ستدار به‌رامبه‌ر به‌ زیندانیانی ناو گرتووخانه‌كانی سه‌ر به‌و وه‌زاره‌تی داد نه‌بووه‌".


به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێك له‌ گرتووخانه‌كانی عێراق  ئاشكرایكرد، "هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌بێت باسی كیشه‌كانی قه‌ره‌باڵغی و نه‌بوونی پێداویستی پزیشكی له‌ناو گرتووخانه‌كان بكه‌ین".


ئه‌و به‌رپرسه‌،دەڵێت: "دۆخی هه‌ر زیندانییه‌كیش وه‌ك دۆخی هه‌ر هاووڵاتییه‌كی دیكه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ تووشی حاڵه‌تی مردن ببێت، ئێستا نزیكه‌ی 45 هه‌زار زیندانی له‌ گرتووخانه‌كانی عێراق هه‌ن، كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌هۆی ژماره‌ی زۆری زیندانییه‌كان و قه‌ره‌باڵغییه‌وه‌، هه‌ندێكیان تووشی نه‌خۆشییه‌كانی وه‌ك هه‌ستیاری و پووكانه‌وه‌ی پێست و نه‌خۆشییه‌كانی دیكه‌ ببن".


هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "به‌شێك له‌ زیندانییه‌كان نه‌خۆشی درێژخایه‌نی وه‌ك په‌ستانی خوێن و شه‌كره‌یان هه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا خزمه‌تگوزاری پزیشكی له‌و گرتووخانانه‌ له‌ئاستی پێویستدا نییه‌" و ئاشكرایكرد، "به‌م دواییانە‌ یه‌كێك له‌ زیندانیانی ناو ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌هۆی نه‌خۆشی شه‌كره‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌".


راشیگەیاند: "هه‌ندێك جار شه‌ڕی نێوان زیندانییه‌كانیش ده‌بێته‌ هۆی مردنیان، چونكه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كدا ده‌ژین، كه‌ به‌ نه‌گونجاو، توندوتیژ و تایفه‌گه‌ری جیا ده‌كرێته‌وه‌"، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "ئه‌و زانیارییانه‌ی باس له‌ حاڵه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و مردن ده‌كه‌ن، پێویسته‌ له‌به‌رده‌م دادگای تایبه‌تمه‌ند یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌".


هه‌روه‌هاوتی: "له‌كاتی بوونی هه‌ر حاڵه‌تێكی مردن له‌ناو گرتووخانه‌كان، ژماره‌یه‌ك رێكار ده‌گیرێنه‌به‌ر، یه‌كه‌میان لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیدارییه‌، پاشان پێداچوونه‌وه‌ بۆ كامێراكانی چاودێری و له‌ كۆتاییشدا به‌رزكردنه‌وه‌ی راپۆرتی به‌رایی پزیشكی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیداری بۆ داواكاری گشتی".


له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سنجری وتی: "هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كرێت و فشاریان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی سكاڵا له‌ دادگا تۆمارنه‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ چۆنیه‌تی مردنی قوربانییه‌كان"، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "دۆخی زیندانیكردن پێچه‌وانه‌ی یاسا و جاڕنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌".


هاوكات داوایكرد، "لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌و بابه‌ته‌ بكرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌شێكی زیندانیان تووشی په‌تای كۆرۆنا بوونه‌ و هیچ چاره‌سه‌رێكی پزیشكی و ئۆكسجین له‌ كاتی هه‌ناسه‌ ته‌نگی بۆیان دابین نه‌كراوه‌".



PM:10:39:01/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو