هاوپەیمانی فەتح: پێویستە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هێزەکانی حکومەتی ناوەندی و هیزەکانی پێشمەرگە


وێستگە نیوز-
هاوپەیمانی فەتح رایدەگەیەنێت، پێویستە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و هیزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی دۆخی ئەمنیان سەقامگیر نییە.

ئەمڕۆ شەممە 1ی ئایاری 2021، غەزەنفەر بەتیخ، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، هێزی پێشمەرگە هێزێکی عێراقیە و بەشێکە لە دامەزراوەی بەرگری نیشتیمانی، هەر بۆیە پێویستە هەماهەنگی لەنێوان ئەوان و هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵیدا هەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆ شاییانەی لەو ناوچانەی دۆخی ئەمنیان نا سەقامگیرە "مەبەست لێی ناوچە جێناکۆکەکانە" و داعش بەردەوام سودیان لێدەبینێت، دەبێت هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵیدا هەبن.

ئەوەشی رونكردەوە، پێویستە یەک هەڵوێستی سیاسی و ئەمنی هەبێت و ئەمەش تواناکان بەهێزتر دەکات بۆ سەرکەوتن بەسەر داعشدا، رزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی دیکە بە یەک هەڵوێستی بەدەستهات.

ئەمە لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو و کاتژمێر12 و30 خولەک، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیان کردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.

هاوكات ئەمڕۆ لە بارەی هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر بەرەکانی پێشمەرگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا داوای لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش کرد هێزێکی هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان پێکبهێندرێت تا چی دیکە داعش نەتوانێت سود لەو بۆ شاییە ئەمنییە وەربگرێت لەو ناوچانەدا هەن.


PM:06:20:01/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 1948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو