گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هیندستان تا کاتێکی نادیار ڕاگیران

‌هێڵی ئاسمانی عێراق

وێستگە نیوز-

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عێراق لە ئەمڕۆوە سێشەممەوە 27-04-2021 سەرجەم گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی بۆ وڵاتی هیندستان تاوەکو کاتێکی نادیار راگرت.


وەکو لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقدا هاتووە، بڕیاری هەڵوەشانەوە و راگرتنی گەشتەکان بۆ وڵاتی هیندستان لەسەر بنەمای رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیران/دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی بووە، کە بەهۆی مەترسیی دۆخی کۆرۆنا لەو وڵاتە و سنووردان لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ عێراق، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە پابەندە بە سەرجەم ئەو بڕیارانەی لە لایەنی باڵاوە دەردەچێت.

جەواد موسەوی، بڕیاردەری شانەی قەیرانی پەرلەمانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند "جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە هیندستانەوە سەرچاوەی گرتووە، ترسناکترین جۆری ڤایرۆسەکەیە کە تاوەکو ئێستا ناسراوە و نزیکە لەوەی بگاتە عێراق"، بۆیە داوادەکات حکومەت و وەزارەتی تەندروستی پێشوەخت هەنگاوی زۆر تووند بنێن، کە یەکەم هەنگاو ئەوەبێت بۆ یەک مانگ رێگە نەدەن گەشتیار لە هیندستان و وڵاتە تووشبووەکانی دیکەوە بچنە عێراق.

بڕیاردەری شانەی قەیرانی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات، رێگەدان بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە دەرەوە بۆ عێراق بە مەرجی هەبوونی پشکنینی (pcr) بێت لە ماوەی 72 کاژێردا، لەگەڵ کەرەنتینکردنی هەر گەڕاوەیەک بۆ ماوەی 14 رۆژ، "چونکە ئەگەر جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە هیندستان سەریهەڵداوە بگاتە عێراق، ئەوا دووچاری کارەسات دەبینەوە، لەکاتێکدا توانای بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە گۆڕاوە 40 هێندەی توانای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی یەکەمی کۆرۆنا بەهێزترە و تووشی هەموو تەمەنەکان و هەموو ئەندامانی جەستە دەبێت".


PM:07:32:27/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو