دەستبەسەر زیاتر لە ملیۆنێک حەبی ماددەی هۆشبەردا گیرا کە لەناو هەناردا هەڵگیرابوو

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
میدیاکان لە زاری وتەبێژی بەڕێوەبەری گشتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکانی سعودیەوە رایانگەیاند، بڕی زیاتر لە ملیۆنێك حەبی ماددەی هۆشبەری ئەمفیتامین لەناو بارهەڵگرێکدا کە لەناو توێکڵی هەناردا شاردرابوونەوە دەستی بەسەرداگیرا.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

میدیاکان بڵاویانکردەوە، محەمەد نەجیدی، وتەبێژی بەڕێوەبەری نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان رایگەیاندووە، بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، بارهەڵگرەکە لە لوبنانەوە هاتبوو و لە بەندەری مەلیك عەبدولعەزیزەوە چاودێری دەکرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، بڕی ملیۆنێك و 466 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری ئەمفیتامین لەناو بارەهەنارەکەدا دەستی بەسەرداگیرا و حەبەکان لە ناو توێکڵی هەناردا شاردرابوونەوە.

باسی لەوەشکردووە، پێنج کەس کە چواریان سعودین و یەکێکیان ئاوارەیە بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کارە دەستگیرکران.

ئاشکراشیکردووە، ئەو کەسانە لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا کراوە و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراوە.

هاوکات، دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاند، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی سعودیە دەستیان بەسەر چوار ته‌ن حەشیشدا گرتووە کە لە بارهەڵگرێکی دروستکردنی شیرینیدا هەڵگیرابوو و لە لوبنانەوە بەرەو سلۆڤاکیا دەبرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەمانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا رایانگەیاند، لە گەورەترین هەوڵی بە قاچاغبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا، سەرکەوتووبوون لە دەست بەسەرداگرتنی بارهەڵگرێکی مادەی هۆشبەری حزبوڵای لوبنانی، کە ویستویەتیانە بە قاچاغ بەو وڵاتەدا تێیپەڕێنن و بەهاکەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار بووە.


AM:09:10:24/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت