"په‌رده‌ی كچێنی" کۆدی ئه‌ستۆپاكیی
وێستگه نیوز- سروە ئەحمەد
ئه‌و كچانه‌ی پێش ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیریی په‌رده‌ی كچێنییان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، له‌ترسی ژیان و ناوزڕاندنیان به‌نهێنیی په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریی درووستكردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنییان. پزیشكێك ده‌ڵێت "30 نەشتەرگەری لەو شێوەم ئەنجامداوە".
شه‌هێن (ناوێكی خوازراوه)، زۆر باش لهسهختیی ئه‌و دۆخه تێده‌گه‌ی كه تێیكه‌وتبوو، پاش ئه‌وه‌ی "گرانبه‌هاترین شت"ی لهكۆمهڵگهکەیدا له‌ده‌ست دابوو كه كچ هه‌یه‌تی، ئه‌ویش "په‌رده‌ی كچێنییه".
شه‌هێن ئه‌و رۆژه‌ی هه‌رگیز له‌بیرناچێت كه له‌پێناو دڵڕاگرتنی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و به‌نیازی رێگه‌خۆشكردن بۆ هاوسه‌رگیریی، ده‌ستی له "پاكیزه‌یی" خۆی هه‌ڵگرت و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی هه‌موو ئه‌و سنورانه‌ی به‌زاند كه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه بۆ كوڕ و كچان دیاریكراون.
ئه‌و به‌شه‌رمه‌وه وتی "به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندیه سێكسییه هاوسه‌رگیریی لێنه‌كه‌وته‌وه، ئه‌و كوڕه‌ی خۆشمویست پاش ئه‌نجامدانی كه‌تنه‌كه‌ی خۆی له‌به‌ڵێنی خوازبێنی و هاوسه‌رگیریی دزییه‌وه".
كاره‌ساتی شه‌هێن لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات كه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی وه‌ك زۆربه‌ی كوڕانی كۆمهڵگەکەی ئه‌وه له‌عه‌قڵیدا چه‌سپاوه، كچێك رازی بێت سێكسی له‌گه‌ڵدا بكات و ئاماده‌بێت په‌رده‌ی كچێنی له‌ده‌ستبدات، ده‌شێ هه‌مان كار له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تریشدا بكات. بۆیه لای ئه‌و ئیتر شه‌هێن كچێكه "حه‌یای تكاوه" و نایه‌وێ هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ بكات.
شه‌هێن وتی " كه خۆشه‌ویسته‌كه‌م پشتی تێ‌كردم، توشی شۆك و راچهنینێكی گه‌وره بووم، تارماییه‌كانی كوشتن له‌سه‌ر ناموس و شه‌ره‌ف، هه‌ڵاتن له‌ماڵ و خێزان، حه‌یاچوون و ناوزڕان، تانه و ته‌شه‌ری خه‌ڵك، ژیانی به‌جارێك لێ هه‌راسان و تاڵ كردم".
ئه‌زموونی ژیان، شه‌هێنی فێر كردبوو چ ریسكێكی گه‌وره‌ی كردووه، كه ره‌نگه له‌گه‌ڵ ئاشكرابونیدا ببێته هۆی كۆتایهێنان به‌ژیانی خۆی و خۆشه‌ویسته‌كه‌شی. هه‌رچه‌نده له‌م روداوانه‌دا كچان زیاتر ده‌كه‌ونه به‌ر چه‌قۆی رق و تۆڵه‌ی سپی كردنه‌وه‌ی "ناموس"ی خێزانه‌كانیان نه‌ك كوڕان.
شه‌هێن وتی " بۆ ده‌ربازبوون له‌و هه‌سته كوشنده‌یه‌ی ناخمی دههاڕیو ده‌رونی ئازار ده‌دام، هیچ رێگهیهكم له‌به‌رده‌مدا نه‌بو جگه له‌رازی بوون به پێشنیاری ئه‌و كه‌سه‌ی سێكسی له‌گه‌ڵ كردبووم: " بچینه لای پزیشكێك و به‌نه‌شته‌رگه‌ری په‌رده‌ی كچێنم بۆ دروستبكرێته‌وه ".
سه‌ره‌نجام پزیشكێك له نۆرینگه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆیدا بۆماوه‌ی پێنج كاتژمێر به 1500 دۆلار به‌نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌و كه‌لێنه پڕ ده‌كاته‌وه كه خرابووه له‌ش و رۆحی شه‌هێنه‌وه.
درووستكردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنی جگه له‌وه‌ی ژیانی شه‌هێن له مه‌ترسی رزگار ده‌كات، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێده‌دات؛ له‌پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری داهاتووشیدا فریای ده‌كه‌وێ، كه قه‌واڵه‌و به‌ڵگه‌ی ئهستۆپاكیو پاكیزه‌یی بۆ هاوسه‌ری داهاتووی ده‌سه‌لمێنێت. چونكه بونی په‌رده‌ی كچێنی تا ئێستاش له‌كوردستاندا به‌پێی پێوه‌ره كۆمه‌لایه‌تیه‌كان "مه‌رجی یه‌كه‌می هاوسه‌رگیرییه".
هه‌رچه‌نده شه‌هێن باش ده‌زانێ ژیانی هاوسه‌رگیریی داهاتووی به درۆ و فێڵێك ده‌ستپێده‌كات كه كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتیی به‌سه‌ریدا سه‌پاندووه. زاواكان په‌رۆشی چه‌ند دڵۆپه خوێنێكی شه‌وی بوكێنین و پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریش به‌پێی ئه‌و سروته كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی سه‌دان ساڵه له‌كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێ، پرۆسه‌ی پشكنینی پاكیزهییی مێینه‌یه. ئه‌و وتی "ئازارێک لەناخمدایە، چونكه ئەو کەسەی دێتە ژیانمه‌وه، من لەیەکەم شەوەوە بەدرۆیەک له‌گه‌ڵیدا دەستپێدەکەم. کاتێك بەچەند دڵۆپە خوێنێکی دروستکراو دڵی خۆش و رازی دەکەم".
شه‌هێن یه‌كێكه له‌و چه‌ندان كچانه‌ی ساڵانه له‌كوردستان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر دروستكردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنییان كه به‌ر له‌ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیریی له‌ده‌ستیانداوه، چونكه په‌رده‌ی كچێنی یه‌كێكه لهپیرۆزییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كچان به‌هۆی لهدهستدانیهوه ناویان ده‌زڕێ و ته‌نانه‌ت دهشكوژرێن.
(د. س) كه پزیشكی تایبه‌ت به‌نه‌خۆشییه‌كانی ژنانه، ئه‌وه رون ده‌كاته‌وه هۆكاری سه‌ره‌كی په‌نابردنی كچان بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری دروستكردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنییان ترسی له‌ده‌ستدانی ژیان و ناوزڕاندنیانه، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی داخراوی كوردستان شه‌ره‌فی یه‌كسان كردوه به "په‌رده‌ی كچێنی".
هەروەها توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاوات خدر ئاماژه به‌وه ده‌كات لە کۆمەڵگای كورده‌واریدا كه وه‌ك هه‌موو كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌سایه‌ی میراته كۆمه‌ڵایه‌تیه خێڵه‌كی‌و ئایینیه‌كاندا ژیان بهسهردهبەن، پیاوان پێیانوایە شوناسی پیاوبوون و پیاوه‌تی بەندە بە دڕاندنی پەردەی كچێنییه‌وه. ئه‌و وتی "زاوایه‌ك كه له‌شه‌وی بوكێنێیدا پەردەی كچێنی نەدرێنێ، پیاوبوونی خۆی نەسەلماندووە".
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیس‌و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه، ساڵانه چه‌ندان ژن له‌سه‌ر ناموس و شه‌ره‌ف ده‌كوژرێن و له‌ده‌ستدانی پاكیزهییش هۆكارێكه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كان به‌خۆیانه‌وه ده‌یبینن و به"تاوانی شه‌ره‌ف" ناوده‌برێن. بۆیه پێشبینی ده‌كرێ دروستكردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنی رێژه‌ی تاوانی ناموس و شه‌ره‌ف كه‌م بكاته‌وه.
نه‌شته‌رگه‌ری دروستكردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنی لهنهێنییهكی ته‌واودا ئه‌نجامده‌درێ، له‌به‌رئه‌وه ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و كچانه نازانرێت كه ساڵانه ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌یان بۆ ده‌كرێت، دكتۆر (س) وتی "له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا، من 30 نەشتەرگەری لەو شێوەیهم لەعهیادەکەی خۆم ئەنجامداوە".
وتیشی "ئه‌و كچانه‌ی كه دێن و نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ ده‌كرێت تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 28 ساڵدایە".
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه پزیشكه‌كانی ژنان لەبەر دوو هۆکار ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدەن: یەکەم، لەڕووی مادییەوە سودی زۆره بۆیان. دووەم، لەبەرئەوەی ژیانی چەند کەسێک لەکوشتن ڕزگار دەکات.
ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه كه به نایاسایی ئه‌نجام ده‌درێ له‌ڕووی كاته‌وه 4 كاتژمێر بۆ 5 كاتژمێر ده‌خایه‌نێ و بڕی 1000 بۆ 1500 دۆلاریشی تێده‌چێ.
عادل خەرکی زاخۆیی پارێزەر، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هیچ ماددەیەکی یاسایی له‌ئارادا نیە بۆ سزای ئه‌نجامدانی پەردەی كچێنی، چونکە نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی نوێیە و تا ئێستاش هەموو کەس نازانێت. ئه‌و وتی "سزاكه به‌هۆی نه‌شته‌رگه‌ری پەردەی کچێنیه‌وه نیە، به‌ڵكو به‌هۆی له‌باربردنی مناڵهكهوهیه، چونكه کاتێک کچ پەردەی کچێنی لەدەستدەدات دووگیان ده‌بێت، پێش نه‌شته‌رگه‌ری دروستكردنه‌وه‌ی په‌رده‌كه‌ی ده‌بێت كۆرپه‌له‌كه‌ی ناو سكی بکوژن".
وتیشی "ئێستا زۆرێک لەکچان دەچنە ئێران بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه، لەوێ گرەنتی زیاتره و شاراوه و نهێنیتره".
وتیشی "پیاوان له‌ده‌ستدانی پاكیزهییو دڕانی ئەم پەردەیە پێش هاوسه‌رگیریی بەگوناحێكی گه‌وره‌و به‌ئابڕوو چوونی خێزانه‌كانیان دەزانن، بۆیە هەر هۆکارێک بووبێتە هۆی نەمانی پەردەکە دەرەنجامی غەمناکی لێدەکەوێتەوە".
پەردەی کچێنی (hymen) پەردەیەکی ناسکی بازنه‌یی ته‌ون ئاسایە و ده‌وری ناوه‌وه‌ی زێی كچانی داوه، به‌هۆی سێكس كردنه‌وه په‌رده‌كه ده‌دڕێت. كاری نه‌شته‌رگه‌ری له‌روی ته‌كنیكیه‌وه بریتییه له دیسان به‌یه‌ك گه‌یاندنه‌وه‌ی هه‌ردولای ئه‌و ته‌ونه ناسكه‌ی دڕاوه.
PM:10:40:17/04/2021
ئه‌م بابه‌ته 19320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت