حزبی شیوعی کوردستان: ئیتلافی حکومڕانی هەرێم بەرامبەر قەرەبووکردنەوە و مافی کەسوکاری ئەنفال کەمتەرخەم بووە

‌دایکێک لەچاوەڕوانی گەڕانەوەی روفاتی کەسوکاریدا

وێستگەنیوز-

حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی 33 ساڵ بەسەر ئەنفالی گەلی کورد لەلایەن رژێمی بەعسەوە، تائێستا لەعێراقدا هێزولایەنی سیاسی هەیە بڕوای بەماف وئازادی گەلی کوردستان نیە و نیەتی سڕینەوەی گەلێکی بەردەوامی هەیە، لەهەمانکاتیشدا  دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم بوون بەرامبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان کەسەرەکیترینیان ڕادەستکردنی ئەو کەسانەبووە کە داواکراوان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکان بەتۆمەتی ئەنفال نەک داڵدەدان و ڕێگە خۆش کردن بۆ دەرباز بوونیان.

لەراگەیەنراوێکدا مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان کەبەبۆنی تێپەڕبوونی 33 ساڵ بەسەر ئەنفالی گەلی کورد لەلایەن رژێمی بەعسی روخاو بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەشکردوە، گەلی کوردستان لەمێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیدا دووچاری سەدان تاوانی گەورەی نامرۆڤانە بۆتەوە کەدوا تاوانی گەورەی پرۆسەی ئەنفال بوو لەسەردەستی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بەرامبەری ئەنجام درا و نیشتمان وگەلی کوردستانی ڕووبەڕووی جینۆساید و کۆمەڵ کوژی کردەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەپرۆسەی ئەنفالدا سەرباری مقاوەمەتی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەزاران دێهات خاپوور و سوتێنران و زیاتر لە (182000) مرۆڤی کورد لەژن ومناڵ وگەنج پیاوی پیروپەککەوتەی مەدەنی بەکۆمەڵ لەناو برد.

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان جەخت دەکاتەوە تائێستا لەعێراق نیەت و بیری دژ بە ماف وئازادی گەلی کوردستان بوونی هەیە و لەراگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەکردوە، دوای ( 33 ) ساڵ لەم کارەساتە هێشتا لەعێراقدا هێزولایەنی سیاسی هەیە بڕوای بەماف وئازادی گەلی کوردستان نیە و نەزعەو نیەتی سڕینەوەی گەلێک بەردەوامی هەیە و جەستەی گەلەکەمان خوێنی لێدەچۆرێ و کەسوکاری ئەنفالکراوانیش بەئازاری ئەم تاوانەوە دەتلێنەوە کە دەبوو دەوڵەتی عێراقی داوای لێبووردنی بکردایە و بە یاسا و بەکردەوە قەرەبووی مادیی ومەعنەوی گەلی کوردستان و کەسوکاری ئەنفالکراوانی بکردایەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، فشارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کوردستانە لەبەغدا تا هەوڵەکانیان زۆرتر و هەمەلایەنەتر بکەن بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان لەعێراقداو ناساندنی پرۆسەی ئەنفال لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەشێوەی ناساندنی هۆلۆکۆست کە بەپێ یاسای نێودەوڵەتی سڕینەوەی ڕەگەزی مرۆڤ یان نەتەوەیەک یان بەشێک لە گەلێک بەمه ترسیدارترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت کەپرۆسەی ئەنفال بەکردوە ئەم تاوانەی تیادا بەرجەستە بووە.

حزبی شیوعی داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات ئەرکەکانیان بەرامبەر کەسوکاری ئەنفال جێبەجێ بکەن و باسی لەوەکردوە، "لەم بۆنە غەمناک و کارەستبارەدا وێڕای سڵاوی وەفاداریمان بۆ شەهیدانی ئەنفالکراو وکەسوکارە قوربایندەرەکەیان دەنێرین و جەخت دەکەینەوەکە ئەرکی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانی و دامەزراوەکانی پەرلەمان وحکومەتە بە ئەرکی سیاسی و یاساییی و ئەخلاقی خۆیان هەڵبستن بەرامبەر ژیان و داواکاری کەسوکاری ئەنفالکروان ٫ ئەویش بەڕادەست کردنی ئەو کەسانەی داواکراوان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکان بەتۆمەتی ئەنفال نەک داڵدەدان و ڕێگە خۆش کردن بۆ دەرباز بوونیان و قەرەبووکردنەوەی تەواوەتی مادیی ومەعنەوی و باشکردنی ژیان وگوزەرانی کەسوکاری ئەنفاکراوان نەک لێبڕینی مووچە و دواخستنی مووچەکانیان".

لەکۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، "بەڕاشکاوی ڕەخنەی سیاسی خۆمان ئاراستەی ئیتلافی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەکەین لەکەمتەرخەمیان لەبەرامبەرە مافەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان ئێمەش لەحزبی شیوعی کوردستانی لە خەباتمان بەردەوام دەبێن لەپێناو ئازادی نیشتمان و بەختیاری گەلەکەمانداکە تیایدا کەسوکاری ئەنفالکراوان بتوانن بەشکۆمەندی و ئاسودەییەوە بژین و جارێکی تر تووشی کۆمەڵ کوژی و ئەنفال نەبێتەوە".


PM:12:59:16/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت