ئیلۆن مەسک: تا ساڵی 2040 ژمارەی رۆبۆتەکان دەگاتە 10 ملیار رۆبۆت
وێستگەنیوز-
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس، وێنەیەکی جیاوازی داهاتووی مرۆڤایەتی کێشا و رایگەیاند، لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا جیهان دەبێتە خاوەنی 1 ملیار رۆبۆتی مرۆڤئاسا و تا ساڵی 2040 ئەو ژمارەیە بۆ 10 ملیار رۆبۆت بەرز دەبێتەوە، کە ئەرکی سەرەکییان ئەنجامدانی کارە قورس و بێزارکەرەکان دەبێت لە جیاتی مرۆڤ.
مەسک لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە لوتکەی G20ـی ساڵی 2026 لە کارۆلینای باکوور کرد و ئاماژەی بەوە کرد، گەشەی رۆبۆتەکان لە سەرەتادا هێواش دەبێت، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی تەقینەوەیی زیاد دەکات، وتیشی: "بەرهەمی تەنها یەک رۆبۆت 5 هێندەی مرۆڤێکی ئاسایی دەبێت، ئەمەش واتا ئەو 1 ملیار رۆبۆتەی دروست دەکرێن، لە هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی پێکەوە بەرهەمدارتر دەبن".
دەوڵەمەندترین کەسی جیهان باس لەوە دەکات کە ئەم تەکنەلۆژیایە شۆڕشێکی ئابووری گەورە بەرپا دەکات و دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی هەژاری، چونکە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان ئەوەندە زۆر و هەرزان دەبن، مرۆڤ تەنها کاتێک کار دەکات کە ئارەزووی لێ بێت، نەک لەبەر ناچاری و بژێوی ژیان، بە وتەی مەسک، تێچووی کارکردنی رۆبۆتێکی وەک (ئۆپتیموس) تەنها 1 دۆلارە بۆ هەر کاتژمێرێک، لە کاتێکدا نرخەکەی لە نێوان 20 بۆ 30 هەزار دۆلاردا دەبێت.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد، مەسک پێشبینی دەکات ئابووری جیهان بە رێژەی 20% بۆ 30% زیاد بکات، کە دەکاتە نزیکەی 30 تریلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ژیریی دەستکرد تا کۆتایی ساڵی داهاتوو دەتوانێت هەموو کارێکی دیجیتاڵی و نووسینی نەرمەکاڵاکان ئەنجام بدات بە جۆرێک هیچ مرۆڤێک نەتوانێت کێبڕکێی بکات.
ئیلۆن مەسک هۆشداریشی دا لەوەی کە جیهان پێویستی بە بڕێکی زۆر لە وزە دەبێت بۆ بەگەڕخستنی ئەم ملیاران رۆبۆتە، چونکە تۆڕەکانی کارەبا ئێستا بۆ ئەو قەبارە گەورەیە ئامادە نین، کۆمپانیای تێسلا ئامانجیەتی ساڵانە 1 ملیۆن رۆبۆتی ئۆپتیموس بەرهەم بهێنێت و لە کۆتایی ساڵی 2027 یان 2028دا بۆ فرۆشتن بەردەستیان بکات، کە نەک تەنها بۆ سەر زەوی، بەڵکو بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەسارەی مەریخیش سوودیان لێ وەردەگیرێت.
PM:12:24:03/09/2026
ئهم بابهته 476
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت