تەنها بە یەک دەرزی؛ شێوازێکی نوێی چارەسەری شێرپەنجە کۆتایی بە چارەسەری تیشکی دەهێنێت
وێستگەنیوز-
دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییە نیشتمانییەکان لە ئینگلتەرا ڕایگەیاند، جۆرێکی نوێ له شێوازی پێدانی چارەسەر، بۆ نهخۆشی شێرپەنجە، هاتووهته ئاراوه کە بە شێوەی دەرزییەکی خێرا و تەنها لە ماوەی یەک خولەکدا دەدرێت بە نەخۆش.
هەرچەندە لەوانەیە لە سەرەتاوە کارەکە سادە دیار بێت، بەڵام ئەم خولەکە گەشتێکی چارەسەریی چەند کاتژمێریی ناو ژوورەکانی نەخۆشخانە کورت دەکاتەوە و ئەزموونی نەخۆشەکان لەگەڵ چارەسەردا، لە بنەڕەتەوە سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم پێشکەوتنە لەسەر بنەمای دۆزینەوەی دەرمانێکی نوێ نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای دووبارە پێشکەشکردنەوەی دەرمانە ناسراوەکەی "پێمبرۆلیزوماب"ـە، ئهمجارهیان بە شێوەیەکی خێراتر و نەرمتر دهدرێت به نهخۆش.
بە دیاریكراوی چی گۆڕاوە؟
لە ڕابردوودا، نەخۆشەکان ئەم چارەسەرەیان لە ڕێگەی دهمارهوه و به شێوهیهكی هێواش و لهسهرخۆ وهردهگرت و کاتێکی زۆری دەخایاند و پێویستی دەکرد نهخۆشهكان، بۆ چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە بمێننەوە.
بەڵام لەگەڵ پەیڕەوکردنی دەرزی نوێی ژێر پێست، دیمەنەکە بە تەواوی گۆڕاوه، چونکە ئێستا دەکرێت ژەمە دەرمانەکە، تەنها لە ماوەی یەک یان دوو خولەکدا بدرێت به نهخۆشهكه.
ئەم وەرچەرخانە تەنها کەمکردنەوەی کاتی چارەسەر نییە، بەڵکو گوزارشتە لە گواستنەوە، لە ئەزموونێکی پزیشکی ماندووکەرەوە، بۆ ڕێکارێکی خێرا و ڕاستەوخۆ، کە باری دەروونی و جەستەیی سەر شانی نەخۆشەکان سووک دەکات و دهرفهتێكی زیاتریش دەداتە تیمه پزیشکییەکان، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەیەکی زیاتری نەخۆش بە لێهاتویی و کاراییەکی بەرزتر.
ئهم چارهسهره چۆن کار دەکات؟
سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە لە شێوازی پێدانی چارهسهرەکەدا، جەوهەری چارەسەرەکە وەک خۆی ماوهتهوه، دهرمانی "پێمبرۆلیزوماب" پشت دەبەستێت بە هاندانی کۆئەندامی بەرگری، بۆ ئەوەی ڕۆڵی سروشتی خۆی لە ناسینەوە و هێرشکردنە سەر خانە شێرپەنجەییەکاندا بگێڕێت. ئەمەش لە ڕێگەی پەکخستنی پرۆتینێکەوە دەبێت کە بە وەرگری "PD-1" دەناسرێت و هەندێک لە وەرەمەکان، وەک ئامرازێک بۆ هەڵاتن لە کۆئەندامی بەرگری بەکاری دەهێنن.
تەنها بە پەکخستنی ئەم "بەربەستە"، جەستە توانای خۆی بۆ دەستنیشانکردنی خانە شێرپەنجەییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بەدەست دەهێنێتەوە، ئەمەش هۆکاری بەکارهێنانی ئەم چارەسەرەیە بۆ کۆمەڵەیەکی فراوان لە جۆرەکانی شێرپەنجە.
بۆچی ئەم پێشکەوتنە گرنگە؟
گرنگی ئەم هەنگاوە لە کاریگەرییە پراکتیکییە ڕاستەوخۆکەیدایە؛ هەرچەندە ماددە چالاکەکە نەگۆڕاوە، بەڵام گۆڕینی شێوازی پێدانی، جیاوازییەکی هەستپێکراوی لە ژیانی نەخۆشەکاندا دروست کردووە. نەخۆش چیتر ناچار نییە کاتژمێرێکی زۆر لە نەخۆشخانە بەسەر ببات، بەڵکو دەتوانێت بە خێرایی چارەسەرەکەی وەربگرێت و بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر باری دەروونی و کوالێتی ژیانی دەبێت.
لە هەمان کاتدا، ئەم گۆڕانکارییە پەستانی سەر ناوەندە تەندروستییەکان کەمدەکاتەوە، چونکە ڕێگە دەدات قەرەباڵغی کەمببێتەوە و خێرایی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان زیاد بکات، بێ ئەوەی زیان بە کاریگەریی چارەسەرەکە یان ئەنجامەکانی بگات.
ئایا ئەمە "داهێنانێکی زانستییە"؟
لەوانەیە ئەم پێشکەوتنە، پرسیارێکی ڕەوا بێنێته ئاراوه: ئایا ئێمە لەبەردەم داهێنانێکی زانستیی ڕاستەقینەداین؟ وەڵامە هەرە دروستەکە ئەوەیە کە ئەوەی ڕوویداوە، جۆرێکی جیاوازی داهێنانه، لەبری دۆزینەوەی دەرمانێکی نوێ، شێوازی پێشکەشکردنی دەرمانه كۆنهكه، باشتر کراوە. هەرچەندە ئەم جۆرە پەرەپێدانە، لەوانەیە درهوشانهوهی کەمتربێت له دۆزینەوە گەورەکان. بەڵام لە ڕاستیدا کاریگەرییەکەی هیچی کەمتر نییە، چونکە چارەسەرەکە لە نەخۆش نزیک دەکاتەوە و دەستڕاگەیشتن پێی ئاسانتر و مرۆییتر دەکات.
کێ سوودمەند دەبێت؟
لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەم تەکنیکەدا، پێشبینی دەکرێت دەیان هەزار نەخۆش سوودی لێ ببینن، بەتایبەت ئەوانەی ههر چهند ههفتهیهك، پێویستیان بهوهیه چهندجارێك دووباره چارهسهرهكه وهربگرنهوه.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، لەوانەیە ئەم مۆدێلە بۆ سیستەمە تەندروستییەکانی دیکەی جیهان بگوازرێتەوە و ببێتە پێوەرێکی نوێ لە پێشکەشکردنی چارەسەری بەرگریدا.
AM:11:25:06/05/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت