هەرێمی کوردستان داتاکانی 12 ساڵی پشکی بودجە و خەرجییە سەروەرییەکان بڵاودەکاتەوە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
لە نوێترین راپۆرتی شیکاری و ئاماریی هاوبەشی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە پشکی هەرێم لە یاساکانی بودجەی فیدراڵی لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2025، داتاکان دەیسەلمێنن قەیرانی دارایی لە هەرێم ئەنجامی رێکارێکی سیستماتیک بووە بۆ کەمکردنەوەی شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان لە رێگەی لێبڕینی خەرجییە سیادییەکان و پابەندنەبوون بە یاساکان.
بەپێی داتا فەرمییەکان، کۆی گشتیی بودجەی عێراق لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا گەیشتووەتە 1 کوادریلیۆن و 767 تریلیۆن دینار. لەو بڕە، پشکی هەرێم پێش لێبڕینی خەرجییە سیادییەکان زیاتر لە 245 تریلیۆن دینار بووە و دوای لێبڕینیش شایستەی سافیی هەرێم لەسەر کاغەز 146 تریلیۆن دینار بووە؛ کەچی لە واقیعدا بەغدا تەنها 41 تریلیۆن دیناری ناردووە، ئەمەش دەکاتە تەنها %2.04ی کۆی گشتیی بودجەی عێراق، سەرەڕای ئەوەی پشکی یاسایی هەرێم لە ساڵانی 2014 تا 2017 بە رێژەی %17 جێگیر کرابوو، لە ساڵی 2018 بەدواوە بەبێ بنەمای یاسایی بۆ %12.67 کەم کرایەوە.
کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر مووچەخۆران:
بەهۆی بەستنەوەی پشکی هەرێم بە مەرجی "خەرجیی فیعلی" لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە لە دوای ساڵی 2015 و مامەڵەکردن تەنها لە چوارچێوەی مووچەدا، لە کۆی 144 مانگی نێوان 2014 بۆ 2025، ئەو 41 تریلیۆن دینارەی نێردراوە تەنها بەشی دابینکردنی 46 مووچەی کردووە (نزیکەی 4 ساڵ)، بەمەش مووچەی 8 ساڵی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێردراوە، ئەم دۆخەش پاڵنەر بووە بۆ پەنابردنی حکومەتی هەرێم بۆ هەناردەکردنی راستەوخۆی نەوت بە مەبەستی دابینکردنی بژێویی هاووڵاتییان.
پوختەی ناردنی پشکی هەرێم لە ساڵانی 2014 تا 2025:
ساڵی 2014: لە کۆی 174.6 تریلیۆنی بودجە (پشکی ساف 20 تریلیۆن بوو)، تەنها 2.28 تریلیۆن دینار نێردرا (%1.3ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
ساڵی 2015: لە کۆی 119.5 تریلیۆن (پشکی ساف 14.8 تریلیۆن بوو)، تەنها 2.47 تریلیۆن دینار نێردرا (%2.07ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
ساڵانی 2016 و 2017: پشکی ساف بە رێزبەندی 13.1 و 11.6 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام لە هەردوو ساڵەکەدا بەغدا هیچ بڕەپارەیەکی نەنارد (%0.00).
ساڵی 2018: لە کۆی 104.1 تریلیۆن (پشکی ساف 6.8 تریلیۆن بوو)، تەنها 2.85 تریلیۆن دینار نێردرا (%2.74ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
ساڵی 2019: لە کۆی 133.1 تریلیۆن (پشکی ساف 9.9 تریلیۆن بوو)، بڕی 5.31 تریلیۆن دینار نێردرا (%3.99ی بودجە) بۆ مووچەی 6 مانگ.
ساڵی 2020: لە کۆی 148 تریلیۆن دیناری خەرجکراو (پشکی هەرێم 18.7 تریلیۆن بوو)، تەنها 2.18 تریلیۆن دینار نێردرا (%1.48ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
ساڵی 2021: لە کۆی 129.9 تریلیۆن (پشکی ساف 11.4 تریلیۆن بوو)، تەنها 1.2 تریلیۆن دینار نێردرا (%0.92ی بودجە) بۆ مووچەی 1 مانگ.
ساڵی 2022: لە کۆی 122 تریلیۆن دیناری خەرجکراو (پشکی هەرێم 15.4 تریلیۆن بوو)، تەنها 400 ملیار دینار نێردرا (%0.33ی بودجە) بۆ مووچەی 1 مانگ.
ساڵی 2023: لە کۆی 198.9 تریلیۆن (پشکی ساف 16.5 تریلیۆن بوو)، بڕی 4.69 تریلیۆن دینار نێردرا (%2.36ی بودجە) بۆ مووچەی 5 مانگ.
ساڵی 2024: لە کۆی 211.8 تریلیۆن (پشکی ساف 20.9 تریلیۆن بوو)، بڕی 10 تریلیۆن دینار نێردرا (%4.73ی بودجە) بۆ مووچەی 11 مانگ.
ساڵی 2025: لە کۆی 211.8 تریلیۆن (پشکی ساف 20.9 تریلیۆن بوو)، بڕی 9.59 تریلیۆن دینار نێردراوە (%4.53ی بودجە) بۆ مووچەی 10 مانگ.
هاوکێشەی خەرجییە سیادییەکان؛ 65 تریلیۆن دینار لێبڕین:
بەپێی راپۆرتەکە، لە دوای ساڵی 2015 بڕگەکانی خەرجیی سیادی لە 10 بڕگەوە بۆ 100 بڕگە زیاد کراون. لە ماوەی ئەم 12 ساڵەدا، زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار لە پشکی هەرێم وەک خەرجیی سیادی بڕدراوە، لە کاتێکدا نە هەرێم و نە هێزەکانی پێشمەرگە هیچ سوودێکیان لەو خەرجییە سیادییانە و قەرزەکانی عێراق نەبینیوە. بە نموونە لە بودجەی سێ ساڵەی (2023-2025)، خەرجییە سیادییەکان 142.3 تریلیۆن دینار بووە (%23ی کۆی بودجە)، شێوازی لێکدانەوەی بەغدا بە جۆرێک بووە کە %12.67ی لە کۆی گشتی بڕیوە (18.1 تریلیۆن)، لە کاتێکدا دەبوو لەسەر بنەمای پشکی هەرێم بێت پێش لێبڕین (9.9 تریلیۆن)، ئەم جیاوازییەش بووەتە هۆی زیانێکی 8.2 تریلیۆن دیناری بۆ سەر پشکی هەرێم لەو سێ ساڵەدا (ساڵانە 2.7 تریلیۆن دینار).
پشتگوێخستنی سەرژمێریی 2024:
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە سەرەڕای دیاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێم بە %14.14 بەپێی سەرژمێریی گشتیی 2024ی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، بەغدا لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027یشدا ئەنجامی ئەم سەرژمێرییەی فەرامۆش کردووە و پشکی هەرێمی بۆ %12.70 دابەزاندووە. راپۆرتەکە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە قەیرانی دارایی هەرێم پەیوەندیی بە پابەندنەبوونەوە نەبووە، بەڵکوو پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە بۆ کەمکردنەوەی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کەمترین ئاست.
PM:12:35:09/11/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت