بەغدا زیاتر لە 834 ملیار دیناری نارد؛ وەزارەتی دارایی کاتی بڵاوکردنەوەی لیست و دابەشکردنی مووچەی ئاشکرا کرد

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10)ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.


وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لە کۆی گشتیی تەمویلی مووچە بڕیوە.

سەبارەت بە شایستەی دارایی بەشێک لە مووچەخۆرانیش، وەزارەتەکە روونیکردەوە کە بڕی 4 ملیار و 476 ملیۆن و 540 هەزار دینار لە تەمویلی ئەم مانگە نەنێردراوە، کە ئەو پارەیەش بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

دەربارەی میکانیزم و کاتی خەرجکردنی پارەکە، وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەوەی تەمویلەکە لە کۆتایی کاتی دەوامی فەرمیی ئەمڕۆدا گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەت، تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە سبەی پێنجشەممە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری جەختیشی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاودەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی پێویستیی رێکاری تەکنیکیی بانکی ناوەندی عێراق بە سیستەمی (ACH) و لەبەر ئەوەی رۆژانی هەینی و شەممە لە بانکی ناوەندیدا پشووی فەرمییە، تەواوبوونی رێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکیی مووچەخۆران دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2026 شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردبوو؛ هەروەها مووچەی مانگی رابردووش لە رێکەوتی 11 تاوەکو 14ی تشرینی یەکەم دابەشکرابوو.


PM:03:47:04/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت