وردەکاریی ناردنی مووچەی مانگی 10 و کاتی دابەشکردنی ئاشکرا کرا

‌

وێستگەنیوز-

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاند، کە ئەمڕۆ یان سبەی دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.


بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی ناردنی شایستە داراییەکانی مانگی تشرینی یەکەم لە وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و تەنیا یەک هەنگاوی کارگێڕیی ماوە، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گوژمەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.


لەم بارەیەوە، هەمان سەرچاوە بە هەمان میدیای راگەیاند: "رێکارەکانی پەیوەست بە خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە فەرمانگەی مووچەی سەر بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆتاییان پێهاتووە، لە ئێستاشدا تەنیا رێکاری لێبڕینی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی ماوە، کە بڕیارە ئەمڕۆ لە فەرمانگەی ژمێریاری ئەو مامەڵەیەش تەواو بکرێت".

شایەنی باسە کۆی بڕی تێچووی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم زیاتر لە 959 ملیار و 396 ملیۆن دینارە، بەڵام دوای ئەوەی 120 ملیار دینار وەک پشکی گەنجینەی دەوڵەت لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لێدەبڕدرێت، تەواوی پارەکەی دیکە ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.


AM:09:08:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت