دارایی هەرێم رێنمایی نوێ بۆ کرێی رۆژانە و پڕۆسەی "لەجیاتی دانان" دەردەکات
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێنماییەکی نوێی لەبارەی رێکخستنی میلاک و پڕۆسەی "لەجیاتی دانان" بۆ کارمەندانی کرێی رۆژانە و چۆنیەتی خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەرکرد.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری بەسەرەوەیە و وێنەیەکی دەست وێستگەنیوز کەوتووە، لە رێنمایی دارایی ژمارە 8ی ساڵی 2026دا بڕیاردراوە بە: "لەجیاتی دانان بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە وەک (کرێی رۆژانە) دانراون لەسەر پێشینەی بەردەوامی مانگانەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
لە بەڵگەنامەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو فەرمانبەرانەی کە لەسەر بودجەی ئاسایین و ناویان لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمدا نییە کە رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت، لە پێناو نەفەوتانی مافەکانیان، شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم خەرج دەکرێت.
دەرچوونی ئەم رێنماییە داراییە پاڵپشتە بە کۆنووسی لیژنەی دەرکردن و پێداچوونەوە بە رێنماییە داراییەکان ژمارە 168 لە رێکەوتی 2026/9/15 تایبەت بە هەموارکردنەوەی بڕگەی (یەکەم) لە رێنمایی دارایی ژمارە 3ی ساڵی 2026، کە ئەویش پاڵپشتە بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 15231 لە 2025/12/9.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم رێنماییە لە رێکەوتی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی کوردستان" بڵاودەکرێتەوە.
AM:10:19:19/10/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت