دارایی هەرێم: ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆی مامۆستایانی گرێبەست دەکرێت
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتە و وادەی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بۆ مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەران ئاشکرا کرد.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لە ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026ەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت و تا رۆژی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026 سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە هەمان ماوەدا، مووچەی مانگی ئەیلوولی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کە لە دوای 1ی تەمووزی 2024 بە شێوەی هەمیشەیی یان گرێبەست لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دەستبەکار بوون، کە شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر وانەبێژ بوون، ژمارەیان زیاتر لە 42 هەزار مامۆستایە (نزیکەی 38 هەزاریان سەر بە وەزارەتی پەروەردە و زیاتر لە 4 هەزاریان سەر بە خوێندنی باڵان) و لە کۆتایی ساڵی 2024 بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت کرانە گرێبەست. بەهۆی رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر تەمویلی دامەزراندنی نوێ، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا مووچەی ئەو کەسانە دەنێرێت کە پێش مانگی تەمووزی 2024 پەسەند کراون، بەوهۆیەشەوە حکومەتی هەرێم شایستەی ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانە لە داهاتی نانەوتیی ناوخۆ خەرج دەکات.
AM:10:41:18/10/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت