داهاتی نانەوتیی عێراق 23.5% بەرزبووەتەوە؛ پشکی هەرێمی کوردستانیش راگەیەندرا

‌

وێستگەنیوز-

لە 7 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، داهاتە نانەوتییەکانی عێراق بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025 گەشەکردنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و بە رێژەی 23.5% بەرزبوونەتەوە، کە دەکاتە زیاتر لە 8.7 تریلیۆن دینار، هاوکات قەبارەی ئەو داهاتە نانەوتییەش ئاشکرا کرا کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەغدا کراوە.


سۆزان عەبدوڵڵا محەمەد، سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێکدا وردەکاریی داتاکانی خستەڕوو و رایگەیاند، بەپێی ئاماری فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، داهاتی نانەوتیی عێراق تاوەکو کۆتایی تەمووزی 2026 گەیشتووەتە 8.7 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا نزیکەی 7 تریلیۆن دینار بووە، بەمەش بڕی 1.7 تریلیۆن دینار زیادی کردووە.

دەربارەی پشکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەکە ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان لە 1ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەکو 30ی تەمووزی 2026، بڕی 383 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی رەوانەی خەزێنەی گشتیی دەوڵەت کردووە.

سۆزان عەبدوڵڵا روونیشیکردەوە، ئەم داهاتانە لە ئێستادا 22%ی کۆی داهاتە فیدراڵییەکان پێکدەهێنن و هەنگاوێکن بەرەو کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتیی بودجە بە فرۆشتنی نەوت، وتیشی: "ئەم ژمارانە سەرەتایین و دەبێت پێش پەسەندکردنی فەرمی، بەراوردیان پێبکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرچاوە و چۆنیەتیی کۆکردنەوە و خستنە نێو خەزێنەی دەوڵەت".

سەبارەت بە رۆڵی دەستەکەیان، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ماددەی 106ی دەستووری عێراق و یاسای ژمارە 55ی ساڵی 2017، دەسەڵاتی بەدواداچوونی وردیان پێدراوە بۆ سەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی باج و وەبەرهێنان لە ناوەند و هەرێمەکان، بە ئامانجی پاراستنی سامانی گشتی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنیاندا.

لە درێژەی وتەکانیدا، تیشکی خستەسەر ئەو هەنگاوانەی بۆ رێکخستنەوەی داهات گیراونەتەبەر، لەوانە: جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ باجکۆکردنەوە، کاراکردنی سیستەمی گومرگیی (ئەسیکۆدا)، رێکخستنی داهاتی موڵکەکانی دەوڵەت، لەگەڵ وەرگرتنی پشکی خەزێنەی گشتی لە کۆمپانیا حکومییەکان و دامەزراوە خۆبژێوەکان.

سەرۆکی دەستەی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان جەختی لەوەش کردەوە کە لە کارنامەی حکومەت و رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027دا، کار لەسەر ئەوە دەکرێت پشتبەستن بە داهاتە نانەوتییەکان زیاتر بکرێت، ئەوەش لە رێگەی گواستنەوە بۆ بودجەی بەرنامە و ئەدا، لەگەڵ دامەزراندنی سندوقەکانی گەشەپێدان، وزە و نەوەکان بۆ باشترکردنی سەقامگیریی دارایی و وەبەرهێنانی بەرهەمدار.


AM:10:26:12/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت