پێگەی شەفافییەت: داهاتی نانەوتی سلێمانی لە 8 مانگی رابردوودا سەروو 425 ملیار دینارە
وێستگەنیوز-
بەپێی داتاکانی پێگەی شەفافییەت، کۆی داهاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا، بڕی 425 ملیار و 987 ملیۆن دینار بووە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داهاتی نانەوتیی مانگی ئاب گەیشتووەتە 49 ملیار و 560 ملیۆن دینار، ئەم بڕە بەراورد بە مانگی تەمووز کە 64 ملیار و 181 ملیۆن دینار بووە، بە رێژەی 26.8% کەمی کردووە، واتە داهاتی مانگی ئاب بە بڕی زیاتر لە 14 ملیار دینار دابەزیوە.
دابەشکاریی داهاتی مانگی ئاب بەم شێوەیە بووە:
40 ملیار و 434 ملیۆن دینار بە شێوەی کاش.
9 ملیار و 126 ملیۆن دینار بە شێوەی چەک.
62750 دینار بە شێوەی مەقاسە.
کۆی گشتیی هەشت مانگی ساڵی 2024
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، تێکڕای داهاتی مانگانە لەم سنوورە بە 53 ملیار و 248 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. لە کۆی گشتیی داهاتی ئەم ماوەیەش، 361 ملیار دیناری بە شێوەی کاش، 63 ملیار دیناری بە چەک و 1 ملیار دیناری بە شێوەی مەقاسە بووە.
دەربارەی پڕۆژەی شەفافییەت
ئەم داتایانە رۆژانە لە رێگەی 828 فەرمانبەرەوە لە 28 وەزارەت، 6 گەنجینە و سەدان بەڕێوەبەرایەتیی جیاوازەوە کۆدەکرێنەوە و لە پێگەی شەفافییەت تۆمار دەکرێن. ئەم پڕۆژەیە لە تەممووزی 2022 بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستی بەکار کردووە، بە ئامانجی چاودێریکردنی وردی جموجۆڵە داراییەکان و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لە داهاتە نانەوتییەکان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی.
AM:11:25:01/09/2026
ئهم بابهته 344
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت