کۆمپانیای DNO بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێم دەستپێکردەوە
وێستگەنیوز-
کۆمپانیای DNOـی نەرویجی، لە نوێترین راپۆرتی دارایی خۆیدا بۆ چوارەکی دووەمی ساڵی 2026، دەستپێکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی رێکاری ئاسایشییەوە کارەکانی راگرتبوو.
بەپێی راپۆرتەکە، کۆمپانیاکە کە خاوەنی 75%ی پشکەکانی مۆڵەتی تاوکێیە، لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026دا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە تەواوی چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و هەڵکۆڵینی راگرتبوو، بەڵام لە مانگی نیسانەوە دەستی بە چاکسازی بیرەکان کردووەتەوە و لە 28ی حوزەیران لە کێڵگەی تاوکێ و لە 11ی تەمووزیش لە کێڵگەی پێشخابوور بەرهەمهێنان دەستی پێکردووەتەوە، دی ئین ئۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجیانە ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەننەوە دۆخی پێش راگرتنەکە، بەو مەرجەی هیچ
ئاستەنگێکی ئاسایشی نەیەتە پێش.
لەبارەی ئامارەکانی بەرهەمهێنانەوە، راپۆرتەکە روونی کردووەتەوە کە بەهۆی راگرتنی کارەکان لە مانگەکانی نیسان و ئایار و حوزەیراندا، تێکڕای پشکی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە هەرێم بۆ 273 بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، لەکاتێکدا لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا ئەو رێژەیە 39600 بەرمیل بووە، هەروەها ئاشکرای کردووە کە لە ئێستادا نەوت لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بە نرخێک دەفرۆشن کە لە نێوان 35 بۆ 39 دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک.
لە پێشهاتێکی نوێدا، کۆمپانیای دی ئین ئۆ لە 7ی ئابی 2026 پێشنیازێکی فەرمی پێشکەش کردووە بۆ کڕینەوەی تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای "Genel Energy" کە هاوبەشییەتی لە کێڵگەی تاوکێ، کۆمپانیاکە نرخی 69 پێنسی بۆ هەر پشکێک دیاری کردووە، کە ئەمەش بە رێژەی 38% بەرزترە لە نرخی بازاڕ، و بڕیارە تا 4ی ئەیلوولی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بدرێت.
بێژەن موسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئەوان ئامادەن لەپێناو جێگیریی نرخ و باشتربوونی باری ئاسایش لە کوردستان، رووبەڕووی هەندێک ناسەقامگیری بازاڕ ببنەوە، هاوکات جەختی کردەوە کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییە کۆنەکانیان و دۆزینەوەی رێگەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە.
AM:09:40:13/08/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت