وەزارەتی دارایی هەرێم: بەغدا زیاتر لە 3 ملیار دینار شایستەی خانەنشینانی نەنارد
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی تەمووزی 2026، راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردەوە، کەمێک لەمەوبەر بڕی 841,161,000,000 (هەشت سەد و چل و یەک ملیار و سەد و شەست و یەک ملیۆن) دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی روونیشیکردەوە، کە هاوشێوەی مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120,000,000,000 (سەد و بیست ملیار) دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران، لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
هەر لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کە حکومەتی فیدراڵ بڕی 3,326,931,000 (سێ ملیار و سێ سەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەک هەزار) دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەم مانگە نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی و ئابووری تەئکیدی کردەوە، کە دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، راستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
PM:03:36:13/07/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت