پاش کشانەوەی ئێران لە گفتوگۆکان نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێریش دابەزی


وێستگه‌نیوز-

بەیانی ئه‌مڕۆ دووشەممە 1ی حوزەیرانی 2026، بەرمیلێک نه‌وتی خاوی برێنت بە 93 دۆلار و 1 سه‌نت بوو کە پاش هەواڵی کشانەوەی ئێران لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا نرخەکەی بەرزبووەوە. هاوکات نرخی زێڕیش دابەزینی بە خۆیەوە بینی.

لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 97 دۆلار و 55 سەنتە. هەروەها نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی ئه‌مریكی به‌ 94 دۆلار و 30 سه‌نته‌.

هاوکات نرخی زێڕ کە بەیانی ئەمڕۆ یه‌ك ئۆنسه‌ له‌ بازاڕەكانی جیهاندا بە 4514.80 دۆلار بوو، زیاتر دابەزی و ئێستا بە 4456 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت‌.

ئاژانسی تەسنیمی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، پرۆسەی گۆڕینەوەی نامە و دەقە پێشنیازکراوەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە رادەگرێت؛ هاوکات لە رێگەی بەرەی مقاوەمەوە هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازیی توند دەکەن.

ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست لە تەواوی بەرەکان و بەتایبەت لە لوبنان، تیمی دانوستانکاری ئێرانی بڕیاریداوە "گفتوگۆ و گۆڕینەوەی دەقەکان لە رێگەی پاکستانەوە رابگرێت. بەپێی ئاژانسەکە، بەرپرسانی ئێران جەختیان کردووەتەوە کە تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان رانەگیرێن و سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە لوبنان نەکشێتەوە، هیچ گفتوگۆیەک ناکرێت.

ئاژانسەکە هەروەها دەڵێت، ئێران و بەرەی مقاوەمە بە نیازن بۆ سزادانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، تەنگەی هورمز بە تەواوی دابخەن و هاتووچۆی کەشتیوانی لە بابولمەندەبیش رابگرن.



PM:06:15:01/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت