سۆمۆ ئاماری هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئەیلوول بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز_

سۆمۆ لە ئامارێکیدا رایدەگەیەنێت، لە مانگی رابردوودا 5 ملیۆن و 834 هەزار و 486 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە و بە تێكڕا، لەو مانگەدا رۆژانە 188 هەزار و 221 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، زۆرترین هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژێکدا لە مانگی رابردوو، رۆژی 9ـی مانگ بووە کە ملیۆنێک و 31 هەزار و 445 بەرمیل بووە، کە لە لایەن کەشتیی 'پۆلیگۆس'ـەوە بارکراوە.
 
ئاماژەی بەوەشکراوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە سێ رۆژ جارێک بووە، لە مانگی رابردوودا بەم شێوەیە بووە: "3ـی مانگ؛ 647 هەزار بەرمیل، 6ـی مانگ؛ 331 هەزار و 24 بەرمیل، 9ـی مانگ؛ ملیۆنێک و 31 هەزار و 445 بەرمیل، 13ـی مانگ؛ 601 هەزار و 823 بەرمیل، 16ـی مانگ؛ 578 هەزار و 398 بەرمیل، 20ـی مانگ؛ ملیۆنێک و 27 هەزار و 119 بەرمیل، 24ـی مانگ؛ 608 هەزار و 680 بەرمیل و رۆژی 30ـی مانگیش ملیۆنێک و 365 بەرمیل هەناردە کراوە.
 
هەر لەو مانگەدا، 66 ملیۆن و 78 هەزار و 192 بەرمیل نەوتی مامناوەندی بەسرە هەناردە کراوە. بە تێكرا رۆژانە دەکاتە 2 ملیۆن و 131 هەزار و 555 بەرمیل.
 
هاوکات 38 ملیۆن و 737 هەزار و 914 ملیۆن بەرمیل نەوتی قورسی بەسرەش هەناردەکراوە، کە بە تێكڕا رۆژانە ملیۆنێک و 249 هەزار و 610 بەرمیل نەوت بووە و بەم پێیە، بە نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، عێراق مانگی رابردوو 110 ملیۆن و 650 هەزار و 970 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.


PM:03:19:04/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت