دارایی هه‌رێم داوا له گه‌نجینه‌كان ده‌كات لیستی مووچه‌ی مانگی 6 ئاماده بكه‌ن
وێستگه‌نیوز-
هه‌رچه‌نده مووچه‌ی مانگی ئایار (5) دابه‌ش نه‌كراوه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست وێستگه كه‌وتوون، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان داوای له گه‌نجینه‌كان كردووه، لیستی مووچه‌ی مانگی 6 ئاماده بكه‌ن.
به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه سیسته‌می ناوه‌ندیی مووچه (payroll)ی چالاككردووه.
وه‌ك ئه‌و زانیارییانه‌ی به وێستگه گه‌یشتووه، وه‌زاره‌ته‌كه له‌ڕێی گه‌نجینه‌كانه‌وه داوای له ژمێریاری فه‌رمانگه‌كان كردووه كه ده‌ست بكه‌ن به ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ی مانگی حوزه‌یران (6)ی فه‌رمانگه‌كانیان.
وێستگه زانیویه‌تی كه ژمێریای فه‌رمانگه‌كان ئاگادار كراونه‌ته‌وه، له كاتی ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ی مانگی حوزه‌یران (6)، لێبڕینی خانه‌نشینی له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌ك مانگه‌كانی رابردوو له سه‌دا 7 بێت و لێبڕینی سه‌دا 3 زیاد نه‌كرێت.
له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم گشتاندنی دارایی ژماره 4ی ده‌ركرد و تیایدا داوای كرد لێبڕینی خانەنشینی بە رێژەی 10% لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بچه‌سپێندرێت و موسته‌حه‌قاتی خانه‌نشینی سه‌دا 3 بۆ نزیكه‌ی 9 ساڵ و نیو له فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان ببڕدرێت.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 11ی حوزه‌یران بوو، به‌ڵام تا ئێستا مووچه‌خۆران و خانه‌نشینانی هه‌رێم مووچه‌ی مانگی رابردوویان وه‌رنه‌گرتووه و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنی دیار نییه.
پێشتر وێستگه‌نیوز بڵاویكرده‌وه كه
مووچه‌ی مانگی ئایار 5ـی 2025 بوو به ته‌سویه واته دواده‌كه‌وێت بۆ كاتێكی نادیار.
رۆژی چوارشه‌ممه 28ـی 5ـی 2025، ته‌یف سامی، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، هه‌رێمی كوردستانی ئاگادار كرده‌وه له‌وه‌ی چیدیكه ناتوانێت له ناردنی پاره‌ی مووچه به‌رده‌وام بێت، به پاساوی ئه‌وه‌ی بڕی پشكی دیاریكراوی خۆی له یاسای بودجه تێپه‌ڕاندووه و ئه‌وه‌ی به‌ستووه‌ته‌وه به پابه‌ندبوون به بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی و یاسای بودجه‌ی گشتی.
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له نووسراوێكدا كه ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، ده‌ڵێت: "داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی له 2023 تاوه‌كو نیسانی ئه‌م ساڵی هه‌رێمی كورستان گه‌یشتووه‌ته 19.9 تریلیۆن دینار، به‌ڵام 598.5 ملیار دیناری راده‌ست كراوه".
PM:09:30:11/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 11376
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت