ئیخلاس دلێمی: رەنگە عێراق قەرزێكی دیكه‌ بداتە هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگی دیکە

‌ئیخلاس دلێمی، په‌رله‌مانتاری پارتی و جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

ئیخلاس دلێمی، په‌رله‌مانتاری پارتی و جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، رەنگە عێراق 2.1 ترلیۆن دیناری دیکە بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگی دیکە.


ئیخلاس دلێمی، به‌ کوردستان24ی راگه‌یاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر ئەوە داوە کە مووچەی مانگی نۆ و 10 و 11ی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هەروەها پێویستە مووچە بۆ مانگەکانی حه‌وت و هه‌شت و 12ـش بنێردرێت، واتە سێ مووچە دەمێنێت پێویستە پێش کۆتایی ساڵ بنێردرێت، پێویستە جگە لەم قەرزە، قەرزێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵی بڕیارێکی دی بدات بۆ ئەوەی 1.3 ترلیۆن دینار بنێرێت بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەی کە ماوە، پێشموایە دوای ناردنی مووچەی مانگی 11 ئەو شتە روودەدات".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی باسی له‌وه‌شكردووه‌: "دەبێت لە 7ی مانگ تا 13ی ئەم مانگە، حکومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی 10 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لە هەمانکاتیشدا لە مانگی 11 هەمان سیناریۆ جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بە تەواوی بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت و پێشموایە ئەو شتە روودەدات".

به‌ وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، حکومەتی فیدراڵی پارەی دوو مانگ قەرزدارە جگە لەو سێ قەرزەی کە دەنێرێت، "کەواتە پێموایە ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت بەو شێوەیە بەردەوام بێ قەرزێکی دیکە پەسەند دەکرێت کە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارە بۆ سێ مانگی داهاتوو بۆ ئەوەی پێدانی مووچە لەمساڵ تەواو بێت، بە دڵنیاییەوە ئەم رێکكەوتنە بۆ ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت".

لەبارەی هەوڵی راستەوخۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی: "حکومەتی عێراق ناتوانێت لە رووی دەستووریەوە ئەم کارە ئەنجامبدات، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی و دەستوورییە بۆیە ناکرێت مووچەکانیان راستەوخۆ بە مووچەی فیدراڵی ببەسترێتەوە، ئەو کەسانەشی کە واژۆیان کردبوو لەسەر هەوڵی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە هەر ئەو پەرلەمانتارانە بوون کە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دژی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوون لە بودجەدا، ئەوانە ئەو کەسانەن کە ئاستەنگیان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە دروستکردووە".

وتیشی: "لەو کاتەوە کە نەوت رادەستی بەغدا کراوە ئابووری بەرەو دوواوە چووە، مووچەکان هەمیشە دوا دەکەون، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەس باشتر دەزانێت بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان چی دەخوازێت، بۆیە هەمیشە لەپێناو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان جەنابیان بڕیاری دروست دەدات".


AM:09:53:04/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 3500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت