هەڵوێستە توندەکانی عەلی زەیدی و دەستپێشخەرییە چوارخاڵییەکەی هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان عەلی زەیدی و شاندی سێ فراکسیۆنی کوردستانی لە بەغدا، زەیدی جەختی لە سووربوونی خۆی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لەبارەی دەروازەکان و دۆسیەی نەوت کردەوە و وادەی کۆبوونەوەیەکی فراوانی رۆژی سێشەممەی ئاشکرا کرد؛ لە بەرامبەردا سێ فراکسیۆنەکە نەخشەڕێگایەکی چوارخاڵییان بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا خستە بەردەستی.
پێداگریی زەیدی لەسەر بڕیارەکانی و رەتکردنەوەی نێوەندگیری
دوێنێ پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەم، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری بەغدا لەگەڵ شاندی فراکسیۆنەکانی هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە بڵاوکراونەتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە راشکاوی رایگەیاندووە کە لەسەر پرسی بەقاچاخبردنی نەوت و دەروازە سنوورییەکان سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی و دەستبەرداری ئەو دۆسیانە نابێت.
زەیدی ئاماژەی بەوەش کردووە پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگەی ئەمریکییەکانەوە نێوەندگیریی کردووە تاوەکو ئاسانکاری لە بڕیارەکانیدا بکات، بەڵام وەک خۆی دەقێکی مێژوویی و فەرموودەیەکی بە نموونە هێناوەتەوە و رایگەیاندووە: ئەگەر خۆر بهێننە سەر شانی راستم و مانگ بهێننە سەر شانی چەپم، واز لە بڕیارەکانم ناهێنم.
تۆمەتبارکردنی بەرپرسان، پرسی خۆپیشاندان و پارەی بانکەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئاگاداری خۆپیشاندانەکەی هەولێرە و بە وتەی ئەو "خوێندکار و فەرمانبەرانیان بە زۆر هێناوە بۆ خۆپیشاندان و خەڵکی کوردستان نەهاتوونەتە سەر شەقام.
هاوکات زەیدی ئاماژەی بە بەدواداچوون بۆ سامانی بەرپرسان لە دەرەوەی وڵات کردووە و وتوویەتی: ئێستا بەدواداچوون دەکەین بۆ پارەی بەرپرسەکان لە بانکەکانی دەرەوە، بەشێک لە بەرپرسەکان پارەیان لە بانکەکانی ئیمارات و وڵاتانی دەرەوە داناوە و ئاگادارین و بەدوایەوەین.
لەبارەی رەوشی سووتەمەنی و نەوتیشەوە لە هەرێم، زەیدی رایگەیاندووە، ناتوانێت قبووڵی بکات خەڵکی هەرێمی کوردستان سووتەمەنیی نەبێت و نەوت و بەنزین بە گران بکڕێت لە کاتێکدا بە بەرچاویانەوە نەوت دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ گرووپێکی بچووک دەچێت. هۆشداریشی داوە کە "ئەگەر ئەوان دەتوانن خۆیان ببەن بەڕێوە و داوای هیچ لە من نەکەن، ئەوا من دیوارێک لە نێوان ئێمە و ئەواندا دروست دەکەم کە کەس نەتوانێت پێیدا سەربکەوێت؛ ناکرێت من نەوتی بەسرە و ئێرەیان بدەمێ و ئەوان هیچمان نەدەنێ."
نەخشەی کۆبوونەوە فراوانەکەی رۆژی سێشەممە
عەلی زەیدی وادەی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازی لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو 1ـی کانوونی یەکەم راگەیاندووە کە ئەم لایەن و کەسایەتییانە تێیدا بەشدار دەبن:
سەرکردەکانی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی.
فراکسیۆنە کوردییەکان: نوێنەرانی سێ فراکسیۆنەکە هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ.
سەرۆکایەتییەکان و لایەنە عێراقییەکان: نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و 6 سەرکردەی لایەنە شیعەکان.
نوێنەرایەتیی دەرەکی: هەروەها تۆم باراکیش دەچێتە ناو کۆبوونەوەکەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراشی کردووە دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە وتارێک بۆ گەلی کوردستان پێشکەش دەکات و هەموو راستییەکانیان بۆ روون دەکاتەوە؛ جەختیشی کردووەتەوە باس لە پاراستنی قەوارەی هەرێم و گەلی کوردستان دەکات و خۆی گەلی کورد دەپارێزێت، و نابێت خەڵک چەواشە بکرێت و "قاچاخی و دزی بە نەتەوە و نیشتمان تێکەڵ بکرێت."
دەستپێشخەرییە چوارخاڵییەکەی فراکسیۆنەکانی هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ
شاندی هەرسێ فراکسیۆنە کوردستانییەکە کە پێکهاتبوون لە موسەننا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رێبوار کەریم سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی و ئەحمەد رەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پڕۆژە و دەستپێشخەرییەکیان لە 4 تەوەری سەرەکیدا پێشکەش بە عەلی زەیدی کردووە:
مەرجەعییەتی دەستووری:
پابەندبوونی گشتگیر بە سەرجەم ماددەکانی دەستووری عێراقەوە وەک تاکە مەرجەعی پابەندکەر بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر بەبێ جیاکاری، لە پێش هەموویانەوە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بەپێی رێکارە دەستوورییەکان و گرتنەبەری دیالۆگی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی سنوور:
پەیڕەوکردنی سیاسەت و پێناسەیەکی گومرگیی فیدراڵیی یەکگرتوو، لە بەرامبەردا بەڕێوەبردنێکی مەیدانیی هاوبەش و هاوئاهەنگ لە دەروازەکاندا هەبێت.
بەئەلیکترۆنیکردن و رێکخستنەوەی دەروازەکان لە ماوەیەکدا کە لە 2 مانگ تێپەڕ نەکات و بەستنەوەیان بە سیستەمێکی چاودێریی ئەلیکترۆنی و دارایی هاوبەش بۆ رێگری لە دەستکاریکردن و قاچاخچێتی.
جەختکردنەوە لەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور هێزێکی فیدراڵین و ئەرکی پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان بەپێی یاسا دەگرنە ئەستۆ، دوور لە ململانێی سیاسی یان دەستوەردان لە کاروباری کارگێڕیی ناوخۆیی.
نەوت، وزە و دادپەروەریی دارایی:
دوورخستنەوەی مافە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم ''مووچە، خانەنشینان، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان'' لە هەر ململانێ و ناکۆکییەکی سیاسی.
قۆرخکردنی بەبازاڕکردنی نەوتی خاو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و وردبینیکردنی بەرهەمهێنان و تێچوو لە رێگەی لیژنەی هونەری و دارایی هاوبەشەوە و رێگریکردن لە هەر هەناردەیەکی نایاسایی.
پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت و داهاتەکان، لە بەرامبەردا پابەندبوونی بەغدا بە ناردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێم لە بودجە و دابینکردنی تێچووی کارپێکردنی راستەقینە و وردبینیکراو.
دابینکردنی وزە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم (بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل، گازی چێشتلێنان و کارەبا) بە هەمان نرخی فەرمیی یەکگرتووی عێراق بەبێ جیاکاری و بارگرانیی زیاتر.
دڵنیایی جێبەجێکردن و رۆڵی چاودێریی ئۆپۆزیسیۆن:
بەشداریکردنی هێز و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی چاودێریی سەرەکی و بێلایەن بۆ بەدواداچوونی دەستپاکی و شەفافییەت لە دۆسیەکانی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و سامانی گشتی لە ناوخۆی هەرێمدا، بە پاڵپشتی و گەرەنتیی دامەزراوەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ رێگری لە قۆرخکردنی زانیاری یان تاکڕەوی لە بڕیارداندا.
هەولێر و بەغدا لەبەردەم تاقیکردنەوەی رۆژی سێشەممەدا
هەڵوێستە دوالیزمییەکەی عەلی زەیدی کە لە لایەک راگەیەندراوی فەرمیی نووسینگەکەی جەخت لە دەستوور و ماددەی 140 دەکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە لێدوانە گوازراوەکانی ناو کۆبوونەوەکە تۆنی توندی فشار و لێپرسینەوەی تێدایە ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەغدا دەیەوێت بەر لە کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە کارتەکانی فشاری خۆی بەهێز بکات و راستەوخۆ پەیام ئاراستەی شەقامی کوردی بکات. هاوکات دەستپێشخەرییە 4 خاڵییەکەی فراکسیۆنەکان هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی خاڵی ناوەند لە نێوان شەفافییەتی نەوت و مەرزەکان و پاراستنی مووچەدا، لەگەڵ هێنانەناوەوەی رۆڵی چاودێریی ئۆپۆزیسیۆن وەک گۆڕانکارییەکی نوێ لە هاوکێشەکەدا.
بەم پێیە، کۆبوونەوە فراوانەکەی 1ـی کانوونی یەکەم بە بەشداریی سەرکردە باڵاکانی هەرێم، لایەنە عێراقییەکان و (تۆم باراک) دۆخەکە دەخاتە بەردەم دوو سیناریۆ: یان گەیشتن بە سازانێکی دەستووری لەسەر بەڕێوەبردنی هاوبەشی مەرزەکان و سۆمۆ لە بەرامبەر دڵنیایی مووچە و شایستەکانی هەرێم، یان ئەگەر هەردوولا لەسەر هەڵوێستە توندەکانیان سوور بن، قەیرانی نێوان هەولێر و بەغدا پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختتری پچڕان و ململانێی سیاسی و ئابوورییەوە.
PM:02:42:27/11/2026
ئهم بابهته 792
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت