ئەلحوڕە: عەلی زەیدی فالح فەیازی ناردووەتە هەرێم و تاوتوێی جووڵەی سوپا دەکات

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

دوای ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی نهێنی لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت لە کەرکووک و دەروازەکانی هەرێمەوە، عەلی زەیدی، فالح فەیازی ناردووەتە هەرێمی کوردستان و تاوتوێی جووڵاندنی سوپا دەکات؛ لە بەرامبەردا هەولێر بڕیارەکانی بەغدا ڕەتدەکاتەوە و داوای چارەسەری دەستووری دەکات.


کەناڵی ئەلحوڕە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاوتوێی ناردنی یەکەکانی سوپا دەکات بۆ ئەو شوێنانەی بەغدا دەڵێت لە هەرێمی کوردستان بۆ بەقاچاخبردنی نەوت بەکاردەهێنرێن؛ سەرچاوە سیاسییە نزیکەکانیش لە زەیدی دەڵێن کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەوڵی داوە سوپا بجووڵێنێت بەڵام پەلەی نەکردووە، هاوکات فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیی بە پەیامێکەوە ناردووەتە هەرێم تا دەسەڵاتداران کۆنترۆڵی قاچاخچێتی بکەن و هاوکاریی بەغدا بن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تەکنیکیی هەواڵگریی زۆر نهێنی کە دەست ئەو کەناڵە کەوتووە، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانی 2021 تا 2026 ئامادەی کردووە، دوو هێڵی قاچاخ دەستنیشان کراون:

هێڵی یەکەم: لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بە بەڵگەنامەی فەرمی دەگوازرێتەوە بۆ سلێمانی و دواتر بە تانکەر لە ڕێگەی دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە بۆ ئێران دەبرێت، لەوێ تێکەڵ دەکرێت و پێش گواستنەوەی بۆ ئەفغانستان وەک بەرهەمی عێراقی تۆمار دەکرێت.

هێڵی دووەم: بە کێڵگەی فێشخابوور لە دهۆکدا تێدەپەڕێت و لە ڕێگەی ئیبراهیم خەلیلـەوە دەچێتە تورکیا.

ڕاپۆرتەکە زیادبوونی بەرچاوی تانکەر و کۆگاکانی لەو دەروازانە تۆمار کردووە و پێشنیازی کردووە تانکەرەکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک بخرێنە ژێر سیستەمی شوێنکەوتنی ئەلیکترۆنیی وەزارەتی نەوتەوە و لێکۆڵینەوەی دارایی بۆ ساڵانی ڕابردووش بکرێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، کێشەکە تەنیا کەرکووک و هەرێم نییە؛ بە وتەی پەرلەمانتار عەبدولحەمزە خەفاجی، حکومەت ئاگاداری بوونی نزیکەی 4,000 کونە لە بۆرییە نەوتییەکاندا و قاچاخچێتی بە سیستماتیک کراوە. عاسم جیهاد، وتەبێژی پێشووی وەزارەتی نەوتیش مەزەندە دەکات کە زیانە کەڵەکەبووەکانی قاچاخچێتی لە ساڵی 2003ـەوە ڕەنگە لە نێوان 100 بۆ 300 ملیار دۆلاردا بێت.

لە نەینەواش دۆسیەی کێڵگەکانی عەین زالە، سافییە و مەحموودییە دەکرێتەوە دوای هێرشکردنە سەر نزیکەی 15 گۆڕەپانی گوماناوی؛ لە سەلاحەددین تۆڕێک لە بێجی هەڵوەشێنراوەتەوە کە لە ژێر پەردەی شوشتنی ئۆتۆمبێلدا نەوتی لە پاڵاوگەی سینیە دزیوە و بە گرووپە چەکدار و سیاسییەکانەوە بەستراوەتەوە. لە بەرامبەردا لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو هەفتەدا سەرە گەورەکان دەکەون، لە کاتێکدا باسم محەمەد خزێر، وەزیری نەوت هەواڵی دوورخستنەوەی ڕەتکردووەتەوە.


AM:09:33:25/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت