لە ناو جورف سەخەر چی هەیە، جیابووەوەیەک لە فەیلەقی قودس نهێنییەکان ئاشکرا دەکات

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

جیابووەوەیەک لە فەیلەقی قودس و ڕاوێژکاری پێشوو لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئێران، داوای لێبوردن لە گەلی عێراق دەکات و پەردە لەسەر وردەکارییەکانی ناوچەی جورف سەخەر هەڵدەداتەوە؛ بە وتەی خۆی، سەربازگەیەکی تایبەتی ئێران، زیندان و ئامێری سیخوڕیی تێدایە و تەنانەت عێراقییەکانیش ناتوانن بچنە ناوی.


جابر ڕەجەبی، کەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە پێشتر ڕاوێژکار بووە لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئێران و ئەندامی فەیلەقی قودس بووە، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی عەرەبیدا ڕایگەیاند: جورف سەخەر زۆر جیاوازە لەوەی تەنانەت عێراقییەکانیش باسی دەکەن.

ڕەجەبی لە سەرەتای قسەکانیدا داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد و وتی: داوای لێبوردن لە گەلی عێراق دەکەم، چونکە لەو کاتەدا بیرکردنەوەم جیاواز بوو و بیرم لە شەڕی داعش دەکردەوە؛ من لە یەکەم کەسەکان بووم کە ئامێر و کەرەستەم برد بۆ دروستکردنی مووشەک بۆ جورف سەخەر.

هەروەها باسی لەوە کرد، یەکەم جار لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکان بە ناوی ئەبو کەوسەر چوونەتە ناوچەکە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە پێشووە، ئێستا سەربازگەیەکی تایبەتی ئێران لە جورف سەخەر هەیە کە چوونە ژوورەوە تەنانەت بۆ عێراقییەکانیش قەدەغەیە، نزیکەی 200 بۆ 300 کەس لەوێ کار دەکەن کە سەر بە یەکەی 340ـی فەیلەقی قودسن و کەسانێک بە ناوەکانی فازیلی، محەمەدی و حەجی حەیدەر بەرپرسیانن.

جابر ڕەجەبی ئەوەشی خستەڕوو، بە پێچەوانەی بۆچوونی خەڵک، تەنیا کەتائیبی حزبوڵا لەو ناوچەیەدا نییە، بەڵکو هەموو گرووپە چەکدارەکان سەربازگەیان تێیدا هەیە، وتیشی: لە جورف سەخەر بنکە و سەربازگەی ئێرانی بۆ سیخوڕیکردن، ئامێری سیخوڕی و زیندانیش هەیە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ناوچەکە لە ڕووی کشتوکاڵ، ئاو و سامانی ماسییەوە وەک دەوڵەتێکی خۆبژێو وایە و بەڵگەنامە و زانیارییەکانی هێندە زۆرن کە ئەڵقەیەکی تەواویان دەوێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕەجەبی گرنگیی ستراتیژیی ناوچەکەی بۆ تاران دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکان ئامادەن بچنە ناو شەڕەوە و خەڵکیش ببەنە ناو شەڕێکی شیعە و شیعەوە، تەنیا بۆ ئەوەی جورف سەخەر لەدەست نەدەن؛ چونکە گرنگترین شت بۆ ئێران لە دەرەوەی خاکەکەی، جورف سەخەرە.


AM:09:55:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت