بۆچی ئێران لە ململانێکاندا خۆی بە براوە دەزانێت؟

‌

وێستگەنیوز- ڕاپۆرت

لە گەرمەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی هەڕەشەکاندا، زۆرجار دەبینرێت بەرپرسانی تاران بە متمانەیەکی زۆرەوە قسە دەکەن و خۆیان بە براوەی گۆڕەپانەکە دەزانن، ئەمەش پرسیارێکی گەورەی دروستکردووە: لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل خاوەنی پێشکەوتووترین هێزی سەربازین، چی وا لە ئێران دەکات ئەم گوتارە بەکاربهێنێت؟ شارەزایانی سیاسی وەڵامی ئەم هاوکێشەیە دەدەنەوە.

گۆڕینی پێوەری سەرکەوتن

بەگوێرەی شیکاریی شارەزایانی سیاسی، ئێران بە باشی درک بەو ڕاستییە دەکات کە لە ڕووی تەکنەلۆژیای سەربازی و چەکی پێشکەوتووەوە، ناتوانێت شان بدات لە شانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەر بۆیە، تاران پێوەری سەرکەوتنی گۆڕیوە؛ لەبری ئەوەی هەوڵی باڵادەستیی سەربازی بدات، ئامانجی سەرەکیی ڕێگریکردنە لەوەی لایەنی بەرامبەر بە ئامانجەکانی بگات، لە دیدی تارانەوە، تا ئەو کاتەی نەچێتە ژێر باری داواکارییەکانی واشنتۆن، ئەوا دەتوانێت بانگەشەی سەرکەوتن بکات، تەنانەت ئەگەر زیانی سەربازیشی بەرکەوێت.

بەرزکردنەوەی تێچووی جەنگ

یەکێکی تر لە پایەکانی ستراتیژیی ئێران، بەرزکردنەوەی تێچووی شەڕە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، تاران لە ڕێگەی پەرەپێدانی توانای درۆن و هەروەها سیستەمی مووشەکییەوە، هەوڵیداوە گۆڕەپانی ناوچەکە بکاتە شوێنێکی پڕ لە مەترسی و پێشبینینەکراو، ئامانج لەم ستراتیژییە ئەوەیە کە واشنتۆن ناچار بێت پێش ئەنجامدانی هەر هێرشێکی بەرفراوان، بیر لە تێچووە داراییەکان سەلامەتی هێزەکانی لە ناوچەکە و لێکەوتە سیاسییەکانی بداتەوە.

گەرووی هورمز؛ کارتی فشاری ئابووریی جیهانی

جگە لە هێزی چەکدار، هەڵکەوتەی جوگرافیی ئێران و بەتایبەت کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، بەهێزترین کارتی دەستی تارانە، ئەم گەرووە وەک شادەماری بازرگانیی وزەی جیهان سەیر دەکرێت. ئێران ئەم کارتە وەک ئامرازێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پەیامێک بە وڵاتانی ڕۆژئاوا بدات: هەر فراوانبوونێکی جەنگ تەنها لە چوارچێوەی سەربازیدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە قەیرانێکی گەورەی ئابووریی جیهانی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازەوە، وڵاتانی بەکاربەری وزە باجەکەی دەدەن.

متمانەبوون بە ئەزموونی گەمارۆکان

بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی تاران، پێویستە ئاوڕ لە مێژووی گەمارۆکانیش بدرێتەوە، ساڵانێکە قورسترین سزای ئەمریکی خراوەتە سەر ئێران، سەرەڕای ئەوەی سزاکان زیانی گەورەیان بە ئابووریی وڵاتەکە و بژێویی خەڵک گەیاندووە، بەڵام نەیانتوانیوە سیستەمی سیاسیی ئێران بڕوخێنن یان ناچاری بکەن خۆی ڕادەست بکات، بەرپرسانی ئێران ئەمە وەک بەڵگەیەک دەهێننەوە و پێیان وایە؛ ئەگەر فشاری قورسی ئابووری ئیرادەی سیاسیی نەگۆڕیبن، مەرج نییە هێرشی سەربازیش ئەو کارە بکات.

ترسی وڵاتانی ناوچەکە و حیساباتی ئاڵۆز

ئەم پرسە تەنها لە نێوان واشنتۆن و تاراندا قەتیس نابێت، وڵاتانی دراوسێ کە میوانداریی بنکەکانی ئەمریکا دەکەن، بەردەوام لە دڵەڕاوکێدان و نیگەرانن لەوەی ببنە قوربانیی یان ئامانجی هەر جەنگێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا. هاوکات لە ناوخۆشدا، حکومەتی ئێران هەوڵدەدات بە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، ڕێگری لە گۆڕانی فشارە دەرەکییەکان بۆ ناڕەزایەتیی جەماوەری بکات.

کۆی ئەم هاوکێشانە، بڕیاردەرانی ئەمریکای خستووەتە بەردەم حیساباتێکی زۆر ئاڵۆزەوە، هەر ئەمەشە وایکردووە ئیران دەرفەت بۆ خۆی بڕەخسێنێت تا لەم ململانێیەدا خۆی وەک لایەنێکی بەهێز و تەنانەت براوەش وێنا بکات.
کۆی ئەم هاوکێشانە، بڕیاردەرانی ئەمریکای خستووەتە بەردەم حیساباتێکی زۆر ئاڵۆزەوە، هەر ئەمەشە وایکردووە ئێران دەرفەت بۆ خۆی بڕەخسێنێت تا لەم ململانێیەدا خۆی وەک لایەنێکی بەهێز و تەنانەت براوەش وێنا بکات.


AM:09:34:11/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو