بلومبێرگ: بارکردنی نەوت لە دوورگەی خارگ راوەستاوە
وێستگەنیوز-
ئاژانسی هەواڵی
بلومبێرگ بە پشتبەستن بەو وێنە مانگە دەستکردانەی کە کۆی کردوونەتەوە، رایگەیاند کە
بارکردنی کاروانە نەوتییەکانی ئێران لە تێرمیناڵی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی وڵات
لە دوورگەی خارگ راوەستاوە.
لەم راپۆرتەدا کە رۆژی
سێشەممە 12ی ئایار بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە لە وێنە مانگە دەستکردەکاندا،
"یەکەم نیشانەکانی راوەستانێکی درێژخایەنی بارکردن" لە دوورگەی خارگ لە
دوای دەستپێکردنی جەنگ لە شوباتی ساڵی رابردووەوە دەبینرێت.
بەڵگە وێنەییەکان و
وردەکاریی راپۆرتەکە:
خاڵییبوونی کەناراوەکان:
بەپێی وێنەکان، لە رۆژانی 8، 9 و 11ی ئایار "هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگری زەبەلاح لە
دوورگەی خارگدا نەبینراوە".
ماوەی راوەستانەکە:
بلومبێرگ دەنوسێت، "هەرچەندە لە دوای دەستپێکردنی پێکدادانەکانەوە رۆژانێک هەبوون
کە کەناراوەکان خاڵی بوون، بەڵام ئەمە درێژترین ماوەیە کە هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر
لە ناوچەکەدا نەبینراوە."
بەراورد لەگەڵ پێشتر:
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ئێران لە "تەواوی ماوەی" گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا
و ئیسرائیل، بەردەوام بوو لە بارکردنی نەوت و کەشتییەکانی وەک کۆگای گەڕۆک بەکاردەهێنا.
پڕبوونی کۆگاکانی نەوت:
بلومبێرگ ئاماژەی بەوە
کردووە کە ئەگەر دوورگەی خارگ بە ناچالاکی بمێنێتەوە، فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر
دامەزراوەکانی تری کۆگاکردنی نەوت، چونکە وێنە مانگە دەستکردەکان نیشانی دەدەن کە
ئەو کۆگایانەش لە لێواری پڕبووندان.
ئەگەر هەموو کۆگاکان
پڕ ببن، ئێران ناچار دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر کەم بکاتەوە.
شیکردنەوەی وێنەکانی
مانگی دەستکرد
وێنەکانی مانگی دەستکردی
یەکێتیی ئەوروپا نیشانی دەدەن کە لە 11ی ئایاردا هەموو ترمیناڵەکانی خارگ خاڵی بوون. بلومبێرگ
دەڵێت لە ماوەی ئەو ٧٣ رۆژەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی پار ساڵەوە
تێپەڕیوە، تێرمیناڵی خارگ "هەرگیز زیاتر لە یەک رۆژ بەدوای یەکدا" بە خاڵی
نەبینراوە.
چۆنێتی دیاریکردنی قەبارەی
نەوتەکە:
بلومبێرگ لە رێگەی شیکردنەوەی
"سێبەرەکان" لەسەر سەقفی کۆگاکان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆگاکان پڕن.
کۆگاکانی خارگ سەقفی گەڕۆکیان هەیە؛ هەرچەندە نەوتی زۆرتریان تێدا بێت، سەقفەکە بەرزتر
دەبێتەوە و سێبەرەکەی کەمتر دەبێت. وێنەکانی 11ی ئایار نیشانی دەدەن سێبەرەکان زۆر بچووکتر بوونەتەوە بە
بەراورد بە پێش دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا، ئەمەش واتای ئەوەیە کە
ظرفیاتی بەتاڵ "نزیک بووەتەوە لە سفر".
پێشبینییەکان و دەنگۆی
دزەکردنی نەوت:
دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی:
پێشبینی دەکەن ئێران بەم زووانە ناچار بێت بیرە نەوتەکانی دابخات.
کۆمپانیای کێپلەر: پێیوایە
تاران لەوانەیە تا کۆتایی ئەم مانگی ئایار بتوانێت بەردەوام بێت پێش ئەوەی شوێنی کۆگاکردنی
نەمێنێت.
نیویۆرک تایمز: راپۆرتێکی
بڵاوکردەوە کە لە 6ی ئایاردا سێ هەزار بەرمیل نەوت دزەی کردووە و ئەمەش کاریگەری
هەبووە لەسەر پڕۆسەی بارکردن، بەڵام ئێران ئەمەی رەتکردووەتەوە و بلومبێرگیش دەڵێت
لە وێنە نوێیەکاندا نیشانەی روونی دزەکردن نابینرێت.
PM:02:31:13/05/2026
ئهم بابهته 16
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت