چیرۆكه مێژووییهكان-(24)-بە بەکارهێنانی سیخوڕێک، بەریتانیا باندێکی بکوژ لەناودەبات
نووسینی: تهها عهبدولناسر رهمهزان
وهرگێڕانی: وێستگه نیوز
لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە فەرەنسا، لەلایەن ناپۆلیۆن پۆناپارتەوە، کیشوەری ئەوروپا لەژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی جەنگكانی ناپلیۆن دا دەژیا. ئهم جهنگانه، لە بنەڕەتدا جەنگگەلێک بوون، فەرەنسا و هاوپەیمانەکانی، لە بەرانبەر ئەو هاوپەیمانییانەدا دانا کە دژی ناپۆلیۆن پۆناپارت پێکهاتبوون، لهوانه بە پلەی یەک بەریتانیا، ڕووسیا، پڕووسیا و نەمسای لەخۆدەگرت.
ئەم جەنگانە ساڵانێکی زۆریان خایاند و بوونە هۆی کوژرانی ملیۆنان کەس. دواتر لهگهڵ هاتنی ساڵی 1815، ئەم جەنگانە، دوای شەڕی واتەرلۆ/Waterloo و دوورکەوتنەوەی یەکجاریی ناپۆلیۆن لە دەسەڵات، کۆتایییان هات.
سەرەڕای ئەوە، جەنگهكانی ناپلیۆن، له دوای خۆیانهوه، بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کارەساتباریان لە ئەوروپادا بەجێهێشت. له بهریتانیا بەهۆی تووڕەیی جهماوهرهوه، خەریک بوو بەریتانیا هەوڵێکی تیرۆرکردن بەخۆوە ببینێت، ههوڵێك بڕیار بوو تەواوی ئهندامانی حکومەت بکاتە ئامانج.
بارودۆخی بەریتانیا لە دوای جەنگهكانی ناپلیۆن
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگهكانی ناپلیۆن، بەریتانیا بەدەست بارودۆخێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کارەساتبارەوە دەیناڵاند. سەربازە بەریتانییەکان لەگەڵ گەڕانەوەیان لە بەرەکانی جەنگ، خۆیان بە بێکار بینییەوە و زۆربەی کاتیش، بەهۆی پاشەکشەی ئابووری و سستیی ئەو پیشەسازییانەی پێشتر لە کاتی جەنگدا گەشەیان کردبوو، نەیاندەتوانی هەلی کار بدۆزنەوە.
لە لایەکی ترەوە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەژاری لە وڵاتدا، تا دههات نرخی خۆراک و کەلوپەلە سەرەکییەکان، بەردەوام روویان لە بەرزبوونەوە بوو، هۆکاری ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ بەردەوامیی جێبەجێکردنی "یاساکانی گەنم/Corn Laws" کە ئیمتیازاتی گەورەی بە خاوەن زەوییەکان دەبەخشی.
لەم بارودۆخەدا، بەریتانیا سەرهەڵدانی هەندێک جووڵانەوەی چاکسازی بەخۆوە بینی و داوای دیموکراسیی زیاتر و فراوانکردنی مافی دەنگدانیان دەکرد، بۆ ئەوەی چینەکانی دیكهی کۆمەڵگەش بگرێتەوە و ئهوانیش بتوانن له ههڵبژاردنهكاندا دهنگبدهن. هەروەها ئەم جووڵانەوانە، له پێناو یارمەتیدانی جووتیاران، کرێکاران و هەژاران، هانی وڵاتیان دەدا بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نوێ.
بەڵام له بری جێبیجێكردنی ئهو داواكاریانه، حکومەتی بەریتانیا پەستانی خستە سەر ئەم جووڵانەوانە و ڕووی کردە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە سەرکردەکانیان و دەرکردنی یاسای زیاتر بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانیان. بەهۆی ئەمەشەوە، هەندێک لە چاکسازیخوازان، بەرەو ڕادیکاڵبوون ههنگاویاننا.
پلانێک بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی حکومەت
لە نێو ئەم ڕادیکاڵانەدا، مێژوو ناوی "ئارسر ثیستلوود/Arthur Thistlewood" دەهێنێت، ئهم كهسه، ڕووی کردە پێکهێنانی باندێک و پلانی دانا بۆ کوشتنی ئەندامانی حکومەتی بەریتانیا و لە سەروو ههمویانەوە سەرۆک وەزیران "ڕۆبێرت جینکینسن/Robert Jenkinson کە بە لۆرد لیڤەرپوول ناسرابوو. لە ڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، ئەندامانی باندەکە، بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە بەریتانیا، باسیان لە گرنگیی لەناوبردنی سەرانی دەسەڵات دەکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا توانییان ئەم پیلانە ئاشکرا بکەن. هەر بۆیە، سیخوڕێک بە ناوی "جۆرج ئێدواردز/George Edwards" نێردرا بۆ ناو پیلانگێڕەکان، تاوەکو به نهێنی دزهبكاته ناویان و پلانهكهیان پوچهڵ بكاتهوه و تێکیان بشکێنێت. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا، بۆسەیەکیان بۆ باندەکە نایەوە و لە ڕێگەی هەواڵێکی درۆوە، فریویان دان، گوایە حکومەت لە لەندەن و لە ماڵی "لۆرد هارۆبی/Lord Harrowby"، خەریکی ڕێکخستنی ژەمە نانخواردنێکی بەکۆمەڵە.
شکستی تیرۆرکردنەکە
لێرهوه و لە ئەستەبڵێکی "شەقامی کاتۆ/Cato Street" لە لەندەن، لە شەوی نێوان 22 و 23ی شوباتی 1820، پیلانگێڕەکان کۆبوونەوە و خۆیان بە چەکگەلێکی وەک تفەنگ، بۆمبی سادە و شمشێر، پڕچەک کرد و دەستیان کرد بە دانانی دوا دەستکارییەکانی پلانی کارەکەیان. لە گهرمهی ئهم كار و خۆئامادهكردنهدا، هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا هەڵیانکوتایە سەر شوێنەکە و بەو هۆیەوە ڕووبەڕووبوونەوە دروست بوو، له ئهنجامدا کوژرانی کارمەندێکی ئەمنی لێکەوتەوە کە بە شمشێر بریندار ببوو. دواتر هێزە ئهمنییهكانی بهریتانیا، توانییان پیلانگێڕەکان دەستگیر بکەن و ژمارەیەکی زۆریان خۆبەدەستەوەدانیان لە جیاتی شەڕکردن هەڵبژارد.
دوای دەستگیرکردنیان، پیلانگێڕەکان ڕووبەڕووی تۆمەتی مەترسیدار بوونەوە، لەوانە: پیلانگێڕی دژی دەوڵەت، هەوڵدان بۆ کودەتا بەسەر دەستوور، کۆکردنەوەی چەک بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە.
دوای دادگاییکردنیان، پێنج لە تۆمەتبارەکان، کە ئارسر ثیستلوود یەکێک بوو لەوان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و لە ڕۆژی یەکی ئایاری 1820 سزاکەیان بهسهردا جێبەجێ کرا. ئهوانهی سزای لهسێدارهدانیان بۆ دهركرابوو، سهرهتا لهسێدارهدران، پاشان سهریان له جهستهیان كرایهوه. لە بەرانبەردا، بۆ ئەوانی تر، بڕیاردرا بۆ ئوسترالیا دووربخرێنهوه. لهو رۆژگارهدا ئوستورالیا، وهك كۆلۆنیاڵییهكی سزایی/ مستعمرة جزائية وابوو، تاوانبارە مەترسیدارەکانی بەریتانیای بۆ ڕەوانە دەکرا.
سهرچاوه
ئهلعهربییه نیت، چوار شهممه، 6ی ئایاری 2026
PM:02:15:06/05/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت